سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەڵێت نێردەکانی ڕۆژئاوا " باجی " هۆشدارییە ئاسایشییەکانیان و داخستنی کاتی کونسوڵخانەکانیان دەدەن لە تورکیا، کە هەفتەی ڕابردوو بەهۆی نیگەرانییەکانیانەوە لەسەر دۆخی ئاسایشی تورکیا کونسوڵخانەکانیان بۆ ماوەیەکی کاتی داخست.
ڕۆژی پێنجشەممە ئەنکەرە باڵیۆزەکانی نۆ وڵاتی بانگکرد بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژی بڕیارەکانیان بۆ داخستنی نێردە دیبلۆماتییەکانیان بۆ ماوەیەکی کاتی لە تورکیا و دەرکردنی هۆشداری ئاسایش بە هاوڵاتیانیان لە تورکیادا. ڕۆژی دواتر بەرپرسانی تورکیا وتیان وڵاتانی ڕۆژئاوا بە ئەمەریکا و ئەڵمانیاشەوە هیچ زانیارییەکیان پێنەداوین کە ترس و نیگەرانییەکانیان لەسەر هەبوونی هەڕەشە لەسەرییان پشتڕاست بکاتەوە.
ئەردۆغان وتی " ڕۆژی دواتر وەزارەتی دەرەوەمان هەموویانی بانگ کردووە و دوایین وادەی پێویستی داونەتێ. پێی وتوون ' بە قورسی باجی ئەمە دەدەن ئەگەر بەردەوام بن لەسەری."
لەگەڵ داخستنی کونسوڵخانەکاندا، چەندین وڵاتی ڕۆژئاوا هۆشدارییاندایە هاوڵاتیانیان لە تورکیا لەسەر ئەوەی مەترسی هێرشکردنە سەر نێردە دیبلۆماتییەکان و کڵێساکان و پەرستگاکان هەیە لەو وڵاتەدا. ئەوەش دوای ئەوە دێت لە چەند وڵاتێکی ئەوروپا قورئانی پیرۆزی موسوڵمانان سوتێندرا.
مانگی ڕابردوو تورکیا گفتوگۆکانی لەگەڵ سوید و فینلەندادا ڕاگرت بۆ ئەندامێتی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆدا. ئەوەش دوای خۆپیشاندانەکانی بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید کە قورئانی پیرۆزی تیادا سوتێندرا.
ئەردۆغان وتی وڵاتانی ڕۆژئاوا " یاری دەکەن بۆ ئەوەی کاتی زیاترییان دەست بکەوێت و ڕۆژی دووشەممە لە ماوەی کۆبوونەوەی حکومەتدا بڕیاری پێویست دەدرێت." بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.
لە ماوەی ڕابردوودا پۆلیسی تورکیا 15 کەسییان بە تۆمەتی پەیوەندییانەوە بە ڕێکخراوی داعشەوە دەستبەسەر کرد، وتیشیان هیچ بەڵگەیەکیان نەدۆزیوەتەوە لەسەر ئەوەی دەستبەسەرکراوەکان هەڕەشە بووبێتن لەسەر بیانییەکانی ناو تورکیا.
دەزگای هەواڵی ئەنادۆڵوی تورکیا وتی پۆلیسی ئیستەنبوڵ دەڵێت گومانلێکراوەکان " ڕێنماییان بە دەست گەیشتووە بۆ بە ئامانجکردنی کونسوڵخانەکانی سوید و هۆڵەندا و پەرستگای جووەکان و کڵێسای کریستیانەکان لە تورکیادا."
پۆلیسی ئیستەنبوڵ وتیشی لە کاتێکدا کە پەیوەندی گومانلێکراوەکان بە داعشەوە پشتڕاست کراوەتەوە، هیچ بەڵگەیەکی بەرجەستە نیە لەسەر ئەوەی هەڕەشە بووبێتن لەسەر بیانییەکان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ئەردۆغان دەڵێت نێردەکانی ڕۆژئاوا ' باجی ' داخستنی کونسوڵخانەکانیان دەدەن
