Accessibility links

هەنگاریا: سوید دەبێت بە شێوەیەکی جیاواز ڕەفتار بکات بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام لە ناتۆ


وەزیری دەرەوەی هەنگاریا پیتەر سیارتۆ
وەزیری دەرەوەی هەنگاریا پیتەر سیارتۆ

وەزیری دەرەوەی هەنگاریا دەڵێت حکومەتی سوید دەبێت " بە شێوەیەکی جیاواز ڕەفتار بکات " ئەگەر بیەوێت پشتیوانی تورکیای دەست بکەوێت بۆ داواکانی بۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا. وتیشی ڕووداوەکانی ئەمدواییانەی سوتاندنی قورئان لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی تورکیا لە ستۆکهۆڵم " جێی قبوڵکردن " نەبوون.

وەزیری دەرەوەی هەنگاریا پیتەر سیارتۆ دوابەدوای گفتوگۆکانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆدا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بوداپێستی پایتەختی وڵاتەکە ئەم لێدوانانەیدا. هەردوو وەزیرەکە باسییان لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە تورکیا کرد لە ستۆکهۆڵم کە بووە هۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان سوید و تورکیا، لە کاتێکدا کە سوید هەوڵی بە دەستهێنانی پشتیوانی تورکیا دەدات بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ.

سیارتۆ وتی " وەکو کریستیانێک و وەکو کاثۆلیکێک، دەبێت بڵێم کە سوتاندنی کتێبێکی پیرۆزی ئایینێکی دیکە کارێکە جێی قبوڵکردن نیە." هەروەها ڕەخنەی لە بەیاننامەکەی سەرۆک وەزیری سوید گرت کە تیایدا وتبووی لە کاتێکدا کە سوتاندنی قورئان کارێکی بێڕێزی بووە، بەڵام لە ژێر یاسای پاراستنی ئازادی ڕادەربڕینی سویددا بووە.

سیارتۆ وتی " ئەوەی کە بڵێیت سوتاندنی کتێبێکی پیرۆز بەشێکە لە ئازادی ڕادەربڕین بە تەواوەتی گەمژەییە. ڕەنگە سوید پێویست بێت بە شێوەیەکی جیاواز ڕەفتار بکات ئەگەر بیانەوێت پشتیوانی تورکیا بە دەستبهێنن."

کۆبوونەوەکە لە بوداپێست لە کاتێکدایە کە تاوەکو ئێستا لە کۆی سەرجەم ئەندامانی هاوپەیمانێتی ناتۆ تەنها تورکیا و هەنگاریا هێشتا بڕیارییان نەداوە لەسەر پەسەندکردنی داواکەی سوید و فینلەندا بۆ ئەندامێتییان لە ناتۆدا. پێویستە سەرجەم 30 ئەندامەکەی ناتۆ ڕازی ببن لەسەر ئەوەی وڵاتێکی دیکە ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکەدا.

بڕیاربوو لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا حکومەتی هەنگاریا دەنگدانێک بکات بۆ پەسەندکردنی داواکەی سوید و فینلەندا بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ. سیارتۆ وتی پرسەکە لە یەکەمین دانیشتنی پەرلەمانی هەنگاریادا لە مانگی دوودا باسی لێوەدەکرێت.

وتیشی هەنگاریا هەڵوێستێکی ڕوونی هەیە سەبارەت بە پەسەندکردنی ئەندامێتی سوید و فینلەندا لە ناتۆدا، بەڵام هەوڵ نادات کاربکاتە سەر بڕیاری تورکیا سەبارەت بەو بابەتە.

وتی " هەرگیز داوا لە هیچ حکومەتێکی بیانی ناکەم کۆمەڵێک شت بکەن کە کاری ئێمە نیە."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG