Accessibility links

فینلەندا لەگەڵ سوید بەردەوامن لە هەوڵەکانیاندا بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ


وەزیری دەرەوەی فینلەندا پێکا هاڤیستۆ دەڵێت فینلەندا پابەندی پلانەکەی دەبێت بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ لە هەمان کاتدا لەگەڵ سویدی دراوسێیدا، هیواداریشە پەسەندکردنی داواکانیان بۆ ئەندامێتییان لە ناتۆدا تاوەکو مانگی حەوت زیاتری پێنەچێت.

ساڵی ڕابردوو وەکو وەڵامێک بۆ داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، سوید و فینلەندا بە فەڕمی داوای ئەندامێتییان کرد لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا. تاوەکو ئێستا تەنها تورکیا و هەنگاریا داواکانیان پەسەند نەکردووە.

سوید و فینلەندا و تورکیا لە مەدرید ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد لەسەر چۆنێتی بەرەوپێشەوەچوون لەو بابەتەدا، بەڵام هەفتەی ڕابردوو تورکیا گفتوگۆکانی لەگەڵ سویددا ڕاگرت، ئەوەش دوای خۆپیشاندانەکانی ستۆکهۆڵم کە قورئانی پیرۆزی موسوڵمانان لە بەردەم باڵیۆزخانەی تورکیادا لە ستۆکهۆڵم سوتێندرا.

ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا ڕەنگە تورکیا پێش سوید سەرەتا داواکەی فینلەندا بۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا پەسەند بکات، ڕۆژی دووشەممەش وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ لێدوانێکی هاوشێوەیدا.

بەڵام هاڤیستۆ وتی فینلەندا لە پڕۆسەکەدا لەگەڵ سویددا دەمێنێتەوە، کە نزیکترین هاوبەشی سەربازییەتی.

هاڤیستۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە هێلسینکی وتی " ئاواتی بەهێزمان ئەوەیە پێکەوە لەگەڵ سوید ببینە ئەندام لە ناتۆدا."

وتی " ئێمە جەختمان کردۆتەوە بۆ هەموو هاوبەشەکانی داهاتوومان لە ناتۆ، بە هەنگاریا و تورکیاشەوە، کە ئاسایشی فینلەندا و سوید پێکەوەیە."

تاوەکو ئێستا لە کۆی 30 ئەندامەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ، تەنها تورکیا و هەنگاریا هێشتا داواکەی سوید و فینلەندایان بۆ چوونە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ پەسەند نەکردووە.

لە مانگی پێنجدا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمان لە تورکیا بەڕێوەدەچن، شارەزایانیش دەڵێن قورس دەبێت پێش هەڵبژاردنەکان بڕیار لەسەر ئەو بابەتە بدرێت.

بەڵام هاڤیستۆ هێشتا هیوای خواست فینلەندا و سوید لە چەند مانگی داهاتوودا ببنە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

وتی " هێشتا کۆبوونەوەکەی ناتۆ لە ڤیلنویس لە مانگی حەوتدا وەکو هەنگاوێکی گرنگ دەبینم کە هیوادارم هەردوو وڵاتەکە وەکو ئەندامی ناتۆ پەسەند بکرێن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG