Accessibility links

ئەمەریکا ئاگادارییەکی دیکە بڵاودەکاتەوە لەسەر ئەگەری ڕوودانی هێرشی تیرۆریستی لە تورکیا


باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە تورکیا هاوڵاتیانی ئەمەریکای ئاگادار کردەوە لە ئەگەری ڕوودانی هێرشی تیرۆریستی دژی کڵێسا و پەرستگا و نێردە دیبلۆماتییەکان لە ئیستەنبوڵ، لە ماوەی چوار ڕۆژدا ئەمە دووەمین ئاگادارکردنەوەی ئەمەریکایە بۆ هاوڵاتیانی لەو وڵاتەدا، هەروەها دوای ڕووداوەکانی سوتاندنی قورئان دێن لە ئەوروپا.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئاگادارییەکی ئاسایشدا دەڵێت " ئەگەری ڕوودانی هێرشی تۆڵەکردنەوەی تیرۆریستی هەیە " لەو شوێنانەی کە ڕۆژئاواییەکان بەردەوام بۆیان دەچن، بە تایبەتی گەڕەکەکانی وەکو بیۆگلۆ و گالاتا و تەقسیم و ئیستیقلالی ئیستەنبوڵ.

گوتیشی بەرپرسانی تورکیا لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکەن.

ڕۆژی هەینی چەند باڵیۆزخانەیەکی وڵاتانی جیهان لە ئەنکەرە بە ئەمەریکا و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیاشەوە ئاگادارکردنەوەیان بڵاوکردەوە لەسەر ئەگەری ڕوودانی هێرشی تۆڵەکردنەوە دژی شوێنەکانی پەرستن، ئەوەش دوای ڕووداوەکانی سوتاندنی قورئانی پیرۆزی موسوڵمانان لە سوید و هۆڵەندا و دانیمارک.

ڕۆژی شەممە تورکیاش بە هەمان شێوە هاوڵاتیانی خۆی لە ئەمەریکا و ئەوروپا ئاگادار کردەوە سەبارەت بە مەترسی " هێرشی ئیسلامۆفۆبیا و ترس لە بێگانە و ڕەگەزپەرستی " لە ئەمەریکا و ئەوروپادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG