پۆلیسی پاکستان دەڵێت کۆمەڵێک چەکدار لە باکووری ڕۆژئاوای پاکستان تەقەیان لە ڤانێکی ئاسایش کردووە و بەهۆیەوە ئەفسەرێکی پۆلیس کوژراوە، ئەو ناوچەیە سنووری بە ئەفغانستانەوەیە و لەم چەند مانگەی ڕابردوودا توندوتیژییەکان تیایدا زیادیکردووە.
وتەبێژی پۆلیس فاتیوڵا خان وتی گەڕانێک ئەنجامدراوە بەدوای هێرشبەرەکاندا کە لە گوندی دۆگار ئومەرزای هەڵاتوون، گوندەکە دەکەوێتە هەرێمی خیبیر پاختونخوای پاکستانەوە.
تاوەکو ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕانەگەیاندووە.
بەڵام ئەو جۆرە ڕووداوانە زیاتر بوون دوای ئەوەی گروپی تەهریکی تاڵیبانی پاکستان کۆتایی هێنا بە ئاگربەستەکەی لەگەڵ حکومەتی پاکستاندا و فەرمانی بە چەکدارەکانی کرد لە سەرانسەری پاکستاندا هێرش ئەنجام بدەن.
تاڵیبانی پاکستان گروپێکی جیان بەڵام هاوپەیمانێکی نزیکی تاڵیبانی ئەفغانستانن.
زۆرێک لە سەرکردەکانی تەهریکی تاڵیبانی پاکستان پەناگەیان لە ئەفغانستان دەستکەوتووە و تەنانەت هەندێکیان لە ئەفغانستان دەژین، ئەوەش دوای ئەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانیان کردەوە، ئەوەش بووە هاندەرێت بۆ پاکستانی تاڵیبان.
گوندی دۆگار ئومەرزای لە ناوچەی بەنووە، لەم چەند هەفتەیەی ڕابردووشدا ئەو ناوچەیە کراوەتە ئامانجی چەکدارەکان.
مانگی ڕابردوو 33 چەکداری تەهریکی تاڵیبانی پاکستان لە ناوەندی دژە تیرۆری ناوچەی بەنوو دەستبەسەرکرابوون، دواتر چەکدارەکان ناوەندەکەیان کۆنتڕۆڵ کرد و خەڵکیان بە بارمتە گرت. سوپای پاکستانیش هێرشی کردە سەر ناوەندەکە و 25 چەکداری کوشت و ناوەندەکەی کۆنتڕۆڵ کردەوە.
موفتی تەهریکی تاڵیبانی پاکستان نوور والی مەهسود لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە مەلاکانی پاکستان کرد چیتر گروپەکەی بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناونەبەن. وتی تەهریکی تاڵیبانی پاکستان هێشتا پابەندە بەو ئاگربەستەوە کە لەگەڵ حکومەتی پاکستاندا واژۆیان کرد و تاڵیبانی ئەفغانستان نێوەندگری تێدا کردووە.
لیژنەی ئاسایشی نیشتیمانی پاکستان گفتوگۆکردنی لەگەڵ چەکدارەکاندا بە دوور زانیوە و دەڵێت ڕێوشوێنی توند دژییان دەگرێتەبەر.
دەزگای دژە تیرۆری هەرێمی پونجابی پاکستان ڕۆژی شەممە پێنج کەسی دەستگیرکرد کە گوایە پەیوەندییان بە تەهریکی تاڵیبانی پاکستانەوە هەیە.
دەزگاکە وتی ئەرکەکەیان هێرشێکی تیرۆریستی لە شارەکانی لاهۆر و گوجرانوەلا و ساهیوال پوچەڵ کردۆتەوە، وتیشی تەقەمەنی و کەلوپەلی دروستکردنی چاکەتی خۆکوژیش دۆزراونەتەوە و دەستیان بەسەرداگیراوە.
سەرچاوە/ AP