Accessibility links

سوپای پاکستان: تاڵیبانی ئەفغانستان لەسەر سنوور تەقە دەکەن و شەش کەس دەکوژن


سوپای پاکستان دەڵێت هێزەکانی تاڵیبانی ئەفغانستان لە خاڵێکی سنووری لەگەڵ پاکستاندا تەقەیان کردووە و شەش کەسییان کوشتووە.

سوپای پاکستان وتیشی زیاتر لە دوانزە کەسی دیکە بریندار بوون، ئاماژەشی بەوەدا تەقەکردنەکە " هیچ هۆکارێکی نەبووە و کوێرانە تەقەیان کردووە "، ڕووداوەکەش لە نزیک شارۆچکەی چەمەنی هەرێمی بالوچستان ڕوویداوە.

سوپای پاکستان لە بەیاننامەیەکدا وتی " هێزەکانی سنووری پاکستان وەڵامێکی گونجاوی دوژمنکارییە بێ هۆکارەکەیان داوەتەوە، بەڵام خۆیان بە دوورگرتووە لە بە ئامانجکردنی هاووڵاتیانی مەدەنی ناوچەکەدا."

وتیشی " پاکستان قسەی لەگەڵ بەرپرسانی کابوڵدا کردووە تاوەکو تیشک بخاتە سەر خراپی بارودۆخەکە و داوای کردووە ڕێوشوێنی توند بگیردرێتەبەر تاوەکو لە داهاتوودا ڕووداوی لەو جۆرە ڕوونەداتەوە."

بەرپرسێکی باڵای حکومی لە هەرێمەکەدا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت پێکدادانەکە دوای ئەوە ڕوویدا کە هێزەکانی ئەفغانستان هەوڵیانداوە بەشێکی پەرژینی سنوورەکە ببڕن.

وتەبێژێکی پۆلیس لە قەندەهار ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە پێکدادانێک لەسەر سنوور ڕوویداوە، بەڵام وردەکاری زیاتری نەدا.

وتەبێژێکی فەرمانڕەوای هەرێمەکە وتی چەکدارێکی تاڵیبان کوژراوە و 10 کەس بریندار بوون، سێ هاوڵاتی مەدەنیشیان تێدا بووە.

جێی ئاماژەیە هەزاران کەس ڕۆژانە بە سنوورەکەی نێوان سپین بۆڵداکی ئەفغانستان و چامانی پاکستاندا تێپەڕ دەبن، لەوانەش بازرگانەکان و ئەو ئەفغانیانەی کە هەوڵی چارەسەری تەندروستی دەدەن لە پاکستان و ئەو کەسانەشی کە سەردانی خزمانیان دەکەن.

مانگی ڕابردوو چەکدارێک پاسەوانێکی ئاسایشی پاکستانی لە خاڵی سنووری چامان کوشت، ئەوەش بووە هۆی داخستنی خاڵە سنوورەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک.

لە دوای گرتنەوەی دەسەڵات لە ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، گرژییەکانی سەر سنوورەکانی نێوان وڵاتانی دراوسێ لە ناوچەکەدا زیادییان کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا کە گروپە چەکدارییەکانی دژ بە پاکستان پلانییان داڕشتووە بۆ هێرشکردنە سەر پاکستان لە خاکی ئەفغانستانەوە.

تاڵیبان ڕەتی دەکاتەوە داڵدەی گروپە چەکدارییە پاکستانییەکانی دابێت، بەڵام توڕەشە لەسەر ئەو پەرژینەی کە پاکستان بە درێژایی سنوورە 2700 کیلۆمەترییەکەی نێوان دوو وڵاتەکە دایدەنێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG