Accessibility links

بەهۆی تەقینەوەی ئوتومبێلێکەوە لە پاکستان بەرپرسێکی پۆلیس کوژراو و کۆمەڵێکی دیکە بریندار بوون


کۆمەڵێک چەکداری گومانلێکراو بە ئوتومبێلەکەیان بە خێرایی بە ناو خاڵێکی پشکنینی ئیسلامئابادی پایتەختی ئەفغانستاندا ڕۆیشتوون و دوای ئەوەی پۆلیس شوێنییان کەوت خۆیان تەقاندەوە، لە ئەنجامدا ئەفسەرێکی پۆلیس کوژرا و کۆمەڵێکی دیکە بریندار بوون.

سەرۆکی ئەرکەکانی پۆلیسی ئیسلامئاباد سوهەیل زەفار بە ڕۆژنامەنووسانی وت " بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانمان پیاوێک و ئافرەتێک لە ئوتومبێلەکەدا بوون. ئوتومبێلەکە لە خاڵە پشکنینەکە نەوەستاوە کاتێکا پۆلیس هەوڵیداوە ڕایبگرێت."

وتی " لە کاتێکدا کە شوێن ئوتومبێلەکە کەوتن، خەڵکی ناو ئوتومبێلەکە تەقاندییانەوە. تەقینەوەیەکی خۆکوژی بوو."

وتیشی چوار پۆلیس و دوو هاوڵاتی مەدەنیش بریندار بوون.

وەزارەتی ناوخۆی پاکستان وتی ئوتومبێلەکە پڕبووە لە تەقەمەنی و بەرەو ئامانجێکی گرنگ ڕۆیشتووە لە پایتەخت. بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.

وەزیری ناوخۆی پاکستان ڕانا سانەوڵا بە کەناڵی جیۆ نیوزی وت " ئەگەر ئوتومبێلەکە بگەیشتایەتە ئامانجەکەی، ئەوا زیانێکی گەورەی گیانی دەکەوتەوە."

وەزیرەکە وتیشی پێشتر پایتەخت لە ئامادەباشیدا بووە بەهۆی هەڕەشەی ئەو جۆرە هێرشانەوە.

سەرۆک وەزیری پاکستان شەهباز شەریف وتی " وەڵامدانەوەی دەستبەجێی پۆلیس ڕێگری لە کەوتنەوەی خوێنڕشتنێکی گەورە گرت."

تەقینەوەکە لە نزیک بارەگایەکی پۆلیس ڕوویداوە لەسەر شەقامێکی سەرەکی کە دەچێتەوە سەر بیناکانی حکومەت کە بینای پەرلەمان و ئۆفیسە باڵاکانی دیکەی حکومەتی تێدایە.

تاڵیبانی پاکستان بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕاگەیاند و وتی تۆڵەیەک بووە لەسەر کوژرانی یەکێک لە ڕابەرەکانی.

تەهریکی تاڵیبانی پاکستان لە بەیاننامەیەکدا وتی " بەرپرسیارێتی هێرشە خۆکوژییەکەی دژ بە دوژمنانی ئیسلام ڕادەگەیەنین."

گروپەکە دوای مانگی ڕابردوو و کۆتایی هێنان بە ئاگربەستەکەیان لەگەڵ حکومەتی پاکستاندا کە تاڵیبانی ئەفغانستان نێوەندگری تیادا کردبوو، هێرشەکانیان لە پاکستان زیاتر کردووە.

تەقینەوەکە دوو ڕۆژ دوای ئەوەی هات سوپای پاکستان ئۆپەراسیۆنێکی ئەنجامدا و تیایدا 25 چەکداری ئەو گروپە کوژران، ئەوەش دوای ڕووبەڕووبوونەوەکی هێزەکان و چەکدارەکان لە ناوەندێکی دژە تیرۆردا لە پاکستان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG