Accessibility links

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران: لێخۆشبوونەکەی ڕێبەری ئێران لێخۆشبوونێکی دووڕووانەیە


ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤ، داواکاریی دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بۆ لێخۆشبوون لە دەستگیرکراوانی ناڕەزایەتییەکانن بە " لێبوردنی دووڕووانە" و " کردەوەی پورپاگەندە" ناودێر دەکات و جەخت دەکاتەوە لە یاسایی بوونی مافی ناڕەزایەتی هاووڵاتیان و دەڵێت پێویستە هاووڵاتیان بەبێ هیچ مەرج ئازاد بکرێن.

دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ڕۆژی یەکشەممە، هاوکاتی ڕێوڕەسمی یادی شۆڕشی ئیسلامی، ساڵی 1979 ڕایگەیاند کە بە ڕەزامەندی عەلی خامنەیی، "دەیان هەزار" تۆمەتبار و سزادراوان، لێخۆشبوونیان پێدەدرێت جگە لەوانەی "ڕایدەگەیەنن کە ئێمە پەشیمان نین و بەڵێنێکی نووسراو نادەین."

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە وەڵامی ئەم کارەدا کە بە "لێخۆشبوونی ڕێبەر" لێکدەدرێتەوە، لە تویتێکدا جەختی لەوە کردەوە "لێخۆشبوونی دووڕووییانەی خۆپیشاندەران لەلایەن عەلی خامنەئی، کردەوەیەکی پروپاگەندەیە".

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەشڵێت "ئەوان مافی ناڕەزایی خۆیان بەکارهێناوە و گرتن و سزادانیان ڕەوا نییە. نەک هەر تەنها دەبێت هەموو خۆپیشاندەران بێ مەرج ئازاد بکرێن، بەڵکو بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دادگاییکردنی سەرکردە و ئەنجامدەرانی سەرکوتکردنەکان مافێکی گشتگیرە."

بە پێی ڕاپۆرتەکانی نێو ئێران، جێگری دەسەڵاتی دادوەری کاتێک باسی ئەم "لێبوردنەی" کردووە گوتویەتی " تۆمەتباران و سزادراوان"ی ناڕەزایەتییەکانی سەرانسەری ئێران " پاش پەشگەزبوونەوە لە کارەکانی ڕابردوویان و پابەندبوون بە دووبارە نەکردنەوەیان لە داهاتوودا لێخۆشبوونی زۆر هەیە بۆیان."

بەڵام سادق ڕەحیمی جەختیش دەکاتەوە کە ئەو کەسانەی " دەڵێن پاشگەز نابینەوە و یا بە نوسراو بەڵێن نادەن بە هیچ جۆرێک لێخۆشبوون نایانگرێتەوە."

سەرەڕای ئەوەی کە دەسەڵاتی دادوەری ڕایگەیاندووە دەیان هەزار کەس ئەم " لێخۆشبوونە" دەیانگرێتەوە، بەڵام لیستێکی بەرفراوان لە تۆمەتەکان ڕاگەیەندراوە کە ناتوانرێت لێخۆشبوونیان پێبدرێت.

بە پێی ڕاپۆرتەکان، ئەوانەی تۆمەتبارن و سزادراون بە تاوانەکانی کە دەچنە خانەی " موحارەبە، بڵاوکردنەوەی گەندەڵی لەسەر زەوی، یان بەغی" ئەم لێخۆشبوونە نایانگرێتەوە.

هەروەها ئەوانەی تۆمەتباریشن بە "سیخوڕیکردن بۆ بەرژەوەندی بیانییەکان، پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەواڵگری بیانی، کوشتن و بریندارکردنی بە ئەنقەست، وێرانکاری و سووتاندنی گەورە کەرەستەکانی حکومی و سەربازی و گشتی، ئەندامێتی و پەیوەندی لەگەڵ گروپە قەدەغەکراوەکاندا" ئەم لێخۆشبوونە نایانگرتێتەوە.

جگە لەمانەش ئەوانەی پێشینەی "سزای تاوانکاری کاریگەر" یان داوایەکی تایبەتیان لەسەرە، لە بازنەی ئەم "لێبوردنە فراوانەدا" دوور دەخرێنەوە.

هەرچەندە ئاماری فەرمی ژمارەی ئەو کەسانەی لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندا دەستگیرکراون ڕانەگەیەندراوە، بەڵام سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ باس لەوە دەکەن کە لە ماوەی خولی نوێی ناڕەزایەتییەکان کە لە دوای مەرگی ژینا ئەمینی کاتێک لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ دەستگیرکرابوو، سەری هەڵدا نزیکەی 20 هەزار لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرنەوە دەستگیرکراون.

سەرچاوە: ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران/ بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG