Accessibility links

جەعفەر پەناهی لە زیندانی ئێراندا مانگرتن لە خواردن و خواردنەوە ڕادەگەیەنێت


بە پێی بەیاننامەیەکی کە لەلایەن هاوسەری جەعفەر پەناهی، سینەماکاری بەناوبانگی ئێرانی کە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا زیندانی کراوە، بڵاوکراوەتەوە، پەیانهی بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەردەوامی دەستبەسەرکردنی دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردووە.

پەناهی کە فیلمەکانی لە هەموو فێستیڤاڵە سەرەکییەکانی سینەماکانی ئەوروپادا خەڵاتیان بەدەستهێناوە، لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردووەوە دەستگیرکراوە تەنانەت پێش دەستپێکردنی ئەم شەپۆلی ناڕەزایەتییانەی کە لە مانگی نۆوە و لە پاش مەرگی ژینا ئەمینی دەستیپێکرد.

چاوەڕوان دەکرا مانگی ڕابردوو دەسەڵاتی دادوەری فەرمانی ئازادکردنی بدات، بەڵام تا ئێستاش لە زیندانی ئێوینی تاران ماوەتەوە.

لە ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی پێنجشەممەدا ڕاگەیەندراوە ئەو لە ڕۆژی چوارشەممەوە دەستی بە مانگرتن لە خواردن گرتووە و نانی نەخواردووە و ئاوی نەخواردووەتەوە.

پەناهی لە پەیامەکەیدا دەڵێت " ئەمڕۆ وەک زۆر کەسی تر کە لە ئێران گیریان خواردووە، هیچ بژاردەیەکی ترم نییە جگە لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بەم ڕەفتارە نامرۆڤانەیە بە ئازیزترین شتی خۆم کە ژیانی خۆمە".

دەشڵێت "لە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە ڕەفتاری نایاسایی و نامرۆڤانەی دەزگای دادوەری و ئەمنی و ئەم بارمتەگرتنە، لە 1ی دووەوە دەستم بە مانگرتنی وشک لە خواردن کردووە، تا کاتی ئازادکردنم ڕەتیدەکەمەوە هیچ خواردن و خواردنەوە و دەرمانێک بخۆم و بخۆمەوە".

"من لەم دۆخەدا دەمێنمەوە تا ئەوکاتەی ڕەنگە جەستەی بێ گیانم لە زیندان ڕزگاری بێت."

پەناهی تەمەن 62 ساڵ، لە 11ی حەوت دەستگیرکرا و بڕیاربوو سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر ببات کە لە ساڵی 2010دا بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی سیستەم" سزا درا.

بەڵام لە 15ی مانگی 10 دادگای باڵا سزاکەی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا دووبارە دادگایی بکرێتەوە، ئەمەش هیوای بۆ تیمە یاساییەکەی دروستکرد کە بتوانرێت ئازاد بکرێت.

دەستبەسەرکردنی پەناهی لە مانگی حوتدا دوای ئەوە هات کە بەشداری دانیشتنی دادگایی کردنی حەمەد ڕەسوولۆف دەرهێنەری فیلمی هاوڕێی کرد کە چەند ڕۆژێک پێشتر دەستبەسەر کرابوو.

ڕەسوولۆف لە 7ی مانگی یەک دوای ئەوەی بە هۆکاری تەندروستی دوو هەفتە مۆڵەتی پێدرابوو لە زیندان ئازادکرا و تا ئێستاش پێدەچێت لە دەرەوەی زیندان بێت.

کەسایەتییەکانی بواری فیلم و سینەما لە نێو ئەو هەزاران کەسەدا بوون کە لە میانەی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی پاش مەرگی ژینا ئەمینی لە کاتێکدا لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە بە هۆی گوایە ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرە ملێ دەستگیرکرابوو، دەستگیرکراون.

ئەکتەری هەرە بەناوبانگی ئێرانی تەرانە عەلیدووستی کە وێنەی خۆی بەبێ حیجاب بڵاوکردبووەوە، لەنێو ئەو کەسانەدا بوو کە دەستگیرکرابوون هەرچەندە لە سەرەتای مانگی یەکدا دوای ئەوەی نزیکەی سێ هەفتە دەستبەسەرکرابوو، ئازادکرا.

سەرچاوە: ئاژانسی فرانس پرێس



XS
SM
MD
LG