Accessibility links

گەمارۆکانی ئەمەریکا دەستەی کارگێڕی کۆمپانیای دروستکەری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی دەکاتە ئامانج


پیاوێکی ئایینی ئێرانی لە نزیک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان وەستاوە لە کاتی مانۆڕێکی سەربازیدا لە شوێنێکی ئاشکرا نەکراو لە ئێران
پیاوێکی ئایینی ئێرانی لە نزیک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان وەستاوە لە کاتی مانۆڕێکی سەربازیدا لە شوێنێکی ئاشکرا نەکراو لە ئێران

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەمەریکا ڕۆژی هەینی سزای بەسەر دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمپانیای پەرڤار پارسی ئێرانی، کە تایبەتە بە دروستکردنی درۆن، سەپاندووە. و ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکە بێفڕۆکەوانە ئێرانییەکان لەلایەن ڕووسیا بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانی گرنگی ئۆکرانیا بەکاردەهێنرێن.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، هەشت کارگێڕی باڵای کۆمپانیای پاراڤار پارسی دەستنیشانکردووە.

ئەو کۆمپانیایە درووستکەرەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێشتر لە لایەن ئەمەریکا و یەکێتیی ئەورووپاوە بە تاوانی دروستکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ هێزی ئاسمانی سپای پاسدارانی ئیسلامی ئێران سزای بەسەردا سەپێنرابوو.

برایان نێڵسن، بەرپرسی باڵای سزاکانی گەنجینەی ئەمەریکا وتی: "لایەنە ئێرانییەکان بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ هێزی ئاسمانی و سەربازی ئێران. بە شێوەیەکی فراوانتر، ئێران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ ئۆپەراسیۆنە شەڕکەرەکانی ڕووسیا دابین دەکات بۆ ئەوەی ژێرخانی گرنگ لە ئۆکرانیا بکاتە ئامانج."

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامدا دەبێت هەموو موڵک و بەرژەوەندییەکانی ئەو کەسانەدا کە لە ئەمەریکان یان لە ژێر دەستی کەسانی ئەمەریکیدان یان کۆنترۆڵی کەسانی ئەمەریکیدان، بلۆک بکرێن. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو کەسانەی کە مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکەن کە لە ڕۆژی هەینیدا دیاریکراون، ڕەنگە خۆیان بەرکەوتەی سزاکان ببن.

ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە سنووردارکردنی نوێی بازرگانی بۆ حەوت قەوارەی ئێرانی دانابوو بەهۆی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە ڕووسیا بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا بەکاریان هێناوە. کۆمپانیاکان و ڕێکخراوەکانی دیکە زیادکران بۆ لیستی کۆنترۆڵکردنی هەناردەکردنی ئەمەریکا بۆ ئەو کەسانەی کە سەرقاڵی چالاکییەکانی پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا بوون.

لەوەتەی ڕووسیا لە مانگی دووی 2022 شەڕی لە دژی ئۆکرانیا دەستپێکردووە، ئەمەریکا و زیاتر لە 30 وڵاتی دیکە هەوڵیانداوە بنکەی پیشەسازی سەربازی و بەرگرییەکەی لە ڕێگەی سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە پێداویستییەکانی بەرگری تێکبدەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG