Accessibility links

ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک چاوی خۆپیشاندەرانی کردوەتە ئامانج


ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژی هەینی ٣ی ئەم مانگە بڵاوی کردوەتەوە، بە ئاماژە بە چەندین حاڵەتی تەقەکردنی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەم و چاوی ناڕازییان، هەڵیسەنگاندووە کە کردەوەی ‌هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران "سیستەماتیک" و "ئامانجدار" بووە .

هەڵسەنگاندنی ئەو ڕێکخراوەیە کە بنکەکەی لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویجە لەسەر بنەمای گێڕانەوەی چیرۆکی برینداربووەکان و قوربانیانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێرانە کە ڕایانگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەکان دەم و چاویانی بەئامانج گرتوە بۆ تەقەکردن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕاگەیاندوە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا تەقەکردن لە دەم و چاوی کەسانی بەشداربوو لە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییەکاندا لە زۆربەی شارەکانی ئێران تۆمار کراوە و کۆی ئەو حاڵەتانەش ئەگەری ئەوە بەهێزتر دەکات کە کردەی ‌هێزە ئەمنییەکان بە شێوەی سیستماتیک بووبێت.

ڕاپۆرتی ئەو ڕێکخراوە داکۆکیکارە لە مافەکانی مرۆڤ سێ ڕۆژ دوای لێدوانەکانی حەسەن کەرمی فەرماندەی هێزە تایبەتەکانی فەراجا بڵاوکراوەتەوە کە بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە هەڵسوکەوتی هێزە تایبەتەکان لەگەڵ خۆپیشاندەران پیشەیی بووە و تێچووی نەبووە.

کەرمی ئەو هەواڵانەی سەبارەت بە تەقەکردنی بە ئەنقەست بۆ سەر شوێنی هەستیاری خۆپیشاندەرانی بە پڕوپاگەندە ناودێر کردبوو.

بانگەشەکانی کەرەمی لە کاتێکدایە کە بە پێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕەکاندا بڵاو کراونەتەوە، توندوتیژی هێزەکان لە دژی خۆپیشاندەران حاشا هەڵنەگرە.

هه ڕوه ها لە سەرەتای مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردوودا 140 پزیشکی چاو به واژۆکردنی به یاننامەیەک، باسیان لەوە کردبوو که لەوەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان، ژمارەیەکی زۆر و بەرچاو لە خۆپیشاندەران بە هۆی تەقەی هێزەکانەوە سەردانی پزیشکی چاویان کردوە و زۆربەیان چاوێک یان هەردوو چاویان لەدەستداوە.

ژمارەی تەواوی ئەو خۆپیشاندەرانەی کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە گولە بەر چاویان کەوتووە نازانرێت، بەڵام ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ٢٣ی مانگی یازدە بڵاویکردەوە کە لانیکەم ٥٨٠ خۆپیشاندەر چاوەکانیان بریندار بووە.

سەرەڕای ئەمەش، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هەوڵی بە بەڵگەنامەکردنی ئەم ڕووداوەی داوە و داوای لە هاووڵاتیانی ئێرانی کردووە کە زانیاری لەسەر ئەو کەسانە بنێرن کە لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندا چاویان بە هۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە لە دەست داوە، ئەمەش بە مەبەستی لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئەوکارە.

مەحمود ئەمیری-موقەدەم بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، گوتی "یەکێک لە هەنگاوە هەرە گرنگەکان بە ئاراستەی دادگاییکردن بۆ قوربانیانی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و جێبەجێکردنی دادپەروەری، ئاشکراکردنی ڕەهەندەکانی تاوانەکانە لە ڕێگەی بەڵگەکانەوە و ئەمەش پێویستی بە هاوکاری و بەشداریی هەموو هاوڵاتیانە."

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران وردەکارییەکانی سەبارەت بە ٢٢ خۆپیشاندەر بڵاو کردووەتەوە کە بە هۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە چاوێک یان هەردوو چاویان لەدەستداوە.

خولی نوێی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ئێران لە ١٧ی مانگی نۆدا و دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لەلایەن پولیسی ئاکارەوە سەریان هەڵدا.

لە ماوەی زیاتر لە چوار مانگی ناڕازایەتییەکاندا، بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، بە هۆی توندوتیژیی هێزە ئەمنییەکانەوە لانیکەم ٥٠٠ کەس کە دەیان منداڵ و نەوجەوانی خوار تەمەن ١٨ ساڵیان تێدایە کوژراون.

سەرچاوە/ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران

XS
SM
MD
LG