Accessibility links

بەرپرسی سی ئای ئەی: ناڕەزایەتییەکانی ئێران بووەتە هۆی قووڵبوونەوەی ناسەقامگیرییەکانی کۆماری ئیسلامی


سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا، (سی ئای ئەی) ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە پەرەسەندنی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیا بە شێوەیەکی تایبەت جێگای نیگەرانییە.

ویڵیام جۆزێف بێرنز لە پەیوەند بە گەشتە ٣٠ کاتژمێرییەکەی مانگی ڕابردوو بۆ کیێڤ بۆ سەردانی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی گوتی بە هۆی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیا کە لە ئێرانی وەرگرتوە، لانیکەم شەش کاتژمێری گەشتەکەم لە پەناگەکاندا بەسەر بردووە.

بە گوتەی بێرنز، ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران بۆته هۆی زیادبوونی نائارامییە نێوخۆییەکان لە ئێراندا و ئەمەش بووتە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی پەرە بە ڕەفتاری شەڕانگێز لە دەرەوەت وڵات بدات.

ویڵیام بێرنزی سەبارەت بە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی پێشبینی دەکات کە داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمەریکا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک تەحەدای ئاڵۆز ببنەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بێرنز ئاماژەی بەوەدا کە شەش مانگی داهاتوو لە شەڕی ئۆکرانیادا زۆر گرنگە. ناوبراو کە باڵوێزی پێشووی ئەمەریکا لە مۆسکۆ بووە، گوتی بەڵگە هەواڵگرییەکان دەریدەخەن کە ڕووسیا گرنگی بە دانوستانەکانی ئاشتی نادات.

سەرۆکی سی ئای ئەی چینی بە گەورەترین تەحەدای جیۆپۆلەتیکی لە دەیەکانی داهاتوودا بۆ ئەمەریکا ناوبرد. بە وتەی ناوبراو، شی جین پینگ، سەرۆکی چین فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە تا ساڵی ٢٠٢٧ لەشکرکێشییەکی سەرکەوتووی سەربازی بۆ سەر تایوان ئەنجام بدەن.

بێرنز ئەم وتانەی ڕۆژی پێنجشەممە لە زانکۆی جۆرج تاون پێشکەش کرد کە تێیدا خەڵاتی ترینێری پێبەخشرا بۆ باشترین کەس لە بەڕێوەبردنی دیپلۆماسیدا. ناوبراو پێشتر وەک جێگری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و باڵوێزی ئوردن کاری کردووە و لە سەردەمی بەڕێوبەرایەتی ئۆباماشدا کاری کردووە بۆ دەستپێکردنی دانوستانە ناوکییەکەی تاران لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکاندا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، سی بی ئێس نیۆز

XS
SM
MD
LG