Accessibility links

وەزارەتی دەرەوەی چین پێشوازی لە سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەکات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دەڵێت چین پێشوازی لە سەردانێکی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دەکات بۆ وڵاتەکە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وانگ وێنبین وتی " چین پێشوازی لە سەردانی وەزیری دەرەوە ئەنتۆنی بلینکن دەکات بۆ چین. چین و ئەمەریکا لە ئێستادا لە پەیوەندیدان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند ئامادەکارییەک." ئەم لێدوانەی وانگ وەڵامی پرسیارێک بوو سەبارەت بە هەواڵێکی ڕاگەیاندنەکانی ئەمەریکا سەبارەت بەوەی بلینکن لە 5 ی مانگی دوودا سەردانی چین دەکات.

وانگ وتیشی " چین هیواداریشە ئەمەریکا بۆچوونێکی ڕاستی هەبێت بەرامبەر چین، گرنگی زیاتر بە گفتوگۆ بدات نەک ڕووبەڕووبوونەوە."

پۆڵێتیکۆ بڵاویکردەوە بلینکن لە 5 و 6 ی مانگی دوودا لە پەکین لەگەڵ وەزیری دەرەوەی چین چن گانگدا کۆدەبێتەوە.

سەردانەکەی مانگی دووی بلینکن لە ساڵی 2018 ەوە کاتێک وەزیری ئەو کاتەی دەرەوەی ئەمەریکا مایک پەمێیۆ لە پەکین لەگەڵ وەزیری دەرەوەی پێشووی چین وانگ ییدا کۆبۆوە، یەکەمین سەردانی وەزیرێکی دەرەوەی ئەمەریکا دەبێت بۆ چین.

پشتڕاستکردنەوەی سەردانەکە لەلایەن چینەوە دوای کۆبوونەوەکەی مانگی یانزەی نێوان سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی جین شی جین پینگ دێت کە لە ماوەی کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیستدا لە بالی ئیندۆنیسیا کۆبوونەوە.

دوو سەرۆکەکە بەڵێنی پەیوەندی بەردەوامی زیاترییاندا لە کاتێکدا کە ناکۆکییەکان لەسەر تایوان و مافەکانی مرۆڤ و داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و پرسە ئابوورییەکان قوڵتر دەبنەوە.

کۆشکی سپی لەو کاتەدا وتی هەردوو سەرۆکەکە ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی بلینکن سەردانی چین بکات بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆکانیان، بەڵام لەو کاتەدا ئاماژەی بە هیچ ڕێکەوتێک نەدا بۆ سەردانەکە.

بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، مانگی ڕابردوو شاندێکی باڵای بەرپرسانی ئەمەریکا لە لانگفانگ کە شارێکی دراوسێی پەکینە، لەگەڵ جێگری وەزیری دەرەوەی چیندا کۆبوونەوە، ئەوەش بە مەبەستی گفتوگۆکردن سەبارەت بە سەردانەکەی بلینکن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG