Accessibility links

چین باڵیۆزەکەی لە ئەمەریکا وەکو وەزیری دەرەوەی نوێی وڵاتەکە دەستنیشان دەکات


وەزیری دەرەوەی نوێی چین چن گانگ
وەزیری دەرەوەی نوێی چین چن گانگ

چین باڵیۆزەکەی لە ئەمەریکا چن گانگی وەکو وەزیری دەرەوەی نوێی وڵاتەکە دەستنیشان کرد، گانگ یاریدەدەرێکی متمانەپێکراوی سەرۆکی چین شی جینپینگە و ئەم دەستنیشانکردنەش لە کاتێکدا کە پەکین و واشنتن هەوڵی جێگیرکردنی پەیوەندییەکانیان دەدەن.

چنی تەمەن 56 ساڵ شوێنی وانگ یی دەگرێتەوە، کە لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا وەکو وەزیری دەرەوەی چین کاری کردووە. وانگی تەمەن 69 ساڵ لە مانگی 10 دا پلەکەی لە پارتی کۆمیونیستی چین بەرزکرایەوە و پێشبینی دەکرێت ڕۆڵێکی گەورەتر ببینێت لە سیاسەتی دەرەوەی چیندا.

چن لە یەکەم لێدوانیدا وەکو وەزیری دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەکدا وتی لە چارەسەرکردنی ئاستەنگییە هاوبەشەکانی مرۆڤایەتیدا، دیبلۆماسی چین " ژیریی چینی و دەستپێشخەری چینی و هێزی چینی پێشکەش دەکات."

چن ماوەی 17 مانگ وەکو باڵیۆزی چین لە ئەمەریکا کاریکردووە و لەو ماوەیەدا بە گەشبینی باسی لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین کردووە. هەروەها کۆمەڵێک پۆستی هەبووە لە وەزارەتی دەرەوەی چیندا، لە ساڵانی نێوان 2006 ەوە بۆ 2014 وتەبێژی وەزارەتەکە بووە و لە ساڵی 2014 ەوە بۆ 2018 ئەفسەری سەرەکی پڕۆتۆکۆڵەکان بووە، چاودێری زۆربەی کۆبوونەوەکانی شی کردووە لەگەڵ سەرۆکە بیانییەکاندا.

وەکو وتەبێژ، چن لە نێو هاوەڵەکانیدا دەرکەوت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی یەکێک بوو لە یەکەمین دیبلۆماتکارە چینییەکان کە داکۆکی لە سیاسەتی دەرەوەی چین دەکرد.

لە مانگی حەوتی ساڵی 2021 دا کاتێک وەکو باڵیۆزی چین لە ئەمەریکا دەستبەکاربوو، چن ڕایگەیاند ئارەزووی ئەوە دەکات لەگەڵ ئەمەریکادا کار بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG