Accessibility links

سەرۆک بایدن و سەرۆکی چین پێش کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیست کۆدەبنەوە


سەرۆکی چین شی جینپینگ ڕۆژی دووشەممە دەگاتە دورگەی بالی ئیندۆنیسیا و لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا کۆدەبێتەوە، ئەمەش پێش کۆبوونەوە لوتکەکەی کۆمەڵەی بیست کە پێشبینی دەکرێت پڕ بێت لە گرژی بەهۆی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا.

پێشبینی دەکرێت دوو سەرۆکەکە باس لە تایوان و ئۆکرانیا و بەرنامە ئەتۆمییەکەی کۆریای باکوور بکەن.

ڕۆژی سێشەممە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی بیست دەستپێدەکەن، بەڵام سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ئامادەی کۆبوونەوەکان نابێت، لە جیاتی خۆی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤی ڕەوانە کردووە بۆ کۆبوونەوەکان، ئەوەش دوای ئەوەی کرێملن وتی پوتن زۆر سەرقاڵە و ناتوانێت ئامادەی کۆبوونەوەکان ببێت.

پێش کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شیدا، سەرۆک بایدن لە کەمبۆدیا بە ڕابەرانی وڵاتانی ئاسیای وت هێڵەکانی پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و چین بە کراوەیی دەمێننەوە تاوەکو ڕێگری لە کەوتنەوەی ململانێ بکەن.

سەرۆک بایدن وتی " ئەمەریکا کێبڕکێیەکی بەهێز " لەگەڵ چین دەکات، هاوکات " دڵنیا دەبێتەوە لەوەی کێبڕکێکان نەگۆڕدرێن بۆ ململانێ." جەختیشی لە گرنگی ئاشتی کردەوە لە تەنگەی تاوان.

لە چەند دەیەی ڕابردوودا پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین گەیشتوونەتە نزمترین ئاستییانەوە، ئەوەش بەهۆی ناکۆکییەکانیانەوە لەسەر هۆنگ کۆنگ و تایوان و دەریای باشووری چین و بازرگانییەکان و کۆتوبەندەکانی ئەمەریکا بۆ سەر تەکنەلۆجیای چین.

بەڵام بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن لەم دوو مانگەی ڕابردوودا هەوڵێکی زۆر دراوە لەلایەن واشنتن و پەکینەوە بۆ باشکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.

بەرپرسێکی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا وتی " ئەم کۆبوونەوانە بە تەنها ئەنجام نادرێن، بەشێکن لە پڕۆسەیەکی بەردەوام. لە پشت پەردەکانەوە دەیان و دەیان کاتژمێر لە گفتوگۆی جددی و بەردەواممان ئەنجام داوە."

وتی " پێم وایە ڕازین بەوەی هەردوولا جددین لە پڕۆسەکەدا."

لە دوای ئەوەی سەرۆک بایدن لە مانگی یەکی ساڵی 2021 دا سەرۆکایەتی ئەمەریکای گرتە دەست، بایدن و شی پێنج پەیوەندیی تەلەفونییان ئەنجام داوە، دوایین جار ڕووبەڕوو کۆبووبێتنەوە لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی باراک ئۆبامادا بوو ئەو کاتەی کە بایدن جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بوو.

کۆشکی سپی وتی کۆبوونەوە ڕاستەوخۆکەی ڕۆژی دووشەممە لە هۆتێلی گرانبەهای The Mulia دەبێت لە نوسا دوا بەی لە بالی. پێناچێت بەیاننامەیەکی هاوبەش دوای کۆبوونەوەکە ڕابگەیەندرێت، بەڵام دەکرێت یارمەتیدەر بێت لە جێگیرکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە.

هەردوو سەرۆکەکەش ئامادەی دەستپێکی کۆبوونەوەکەی کۆمەڵەی بیست دەبن لە ڕۆژی سێشەممەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG