Accessibility links

چین دژایەتی یاسای نوێی بەرگری ئەمەریکا دەکات و تایوان دڵخۆشە پێی


چین دژایەتی خۆی دەربڕی بۆ یاسای ڕێگەپێدانی خەرجی بەرگری ئەمەریکا کە تیایدا یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ تایوان زیاتر دەکات، هاوکات تایوان دڵخۆشی خۆی دەربڕی سەبارەت بە یارمەتییە نوێیەکەی ئەمەریکا بۆ ئاسایشی تایوان.

چین تایوانی دیموکراتخواز بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، تایوانیش دەسەڵاتی چین بەسەر دوورگەکەدا ڕەت دەکاتەوە. لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن یاسای ڕێگەپێدانی خەرجی بەرگری ئەمەریکای پەسەند کرد کە یارمەتییە سەربازییەکان بۆ تایوان زیاتر دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەکدا وتی " بە توندی ناڕەزایی دەردەبڕین سەبارەت بە یاساکە و دژایەتی دەکەین."

لە یاساکەدا 858 ملیار دۆلار بۆ خەرجی سەربازیی ئەمەریکا تەرخان کراوە کە 10 ملیاری بۆ پەیداکردنی چەک بۆ تایوان و یارمەتیدانی تایوان لە ڕووی ئاسایشەوە تەرخان کراوە، وەزارەتی دەرەوەی چین وتی یاساکە چەند بڕگەیەکی تێدایە کە " زیانێکی مەترسیدار دەگەیەنێت بە ئاشتی و سەقامگیری تەنگەی تایوان."

چین هەرگیز بەکارهێنانی هێزی بۆ یەکخستنەوەی تایوان لەگەڵ چیندا بە دوور نەزانیوە، تایوان بە توندی دژایەتی بانگەشەکانی چین دەکات لەسەر سەروەری پەکین بەسەر تایواندا. تایوان دەڵێت تەنها 23 ملیۆن دانیشتووەکەی دوورگەکە دەتوانن بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان بدەن.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگری تایوان سوپاسی ئەمەریکای کرد لەسەر یاساکە و وتی گرنگیی پابەندبوونی ئەمەریکا پیشان دەدات بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و تایوان و پتەوکردنی ئاسایشی دوورگەکەوە.

وەزارەتەکە وتی تایوان لەگەڵ ئەمەریکادا تاوتوێی وردەکاری یاساکە دەکات.

جێی ئاماژەیە ئەمەریکا سەرەکیترین پشتیوانیکاری سیاسی و دابینکاری چەکە بۆ تایوان، ئەمەش سەرەڕای نەبوونی هیچ پەیوەندییەکی دیبلۆماسی فەڕمی لەگەڵ تایواندا. فرۆشتنی چەک بە تایوان لەلایەن ئەمەریکاوە بەردەوام هۆکارێکی گرژییەکانە لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چیندا.

XS
SM
MD
LG