Accessibility links

هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامە لە کاتێکدا ژمارەی قوربانیانی هەردوولا بەرزدەبێتەوە


ئیسرائیل ڕۆژی چوارشەممە لە هێرشە ئاسمانییەکانیدا ڕێگەوبان و باڵەخانەکانی کەرتی غەززەی کردە ئامانج لە کاتێکدا فشاری خستە سەر هەڵمەتێکی تۆڵەسەندنەوە دوای هێرشەکەی چەکدارانی حەماس کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 1,200کەس لە ئیسرائیل.

بەرپرسانی تەندروستی فەلەستین ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند ژمارەی کوژراوەکان لە کەرتی غەززە گەیشتووەتە هەزار و 55 کەس و زیاترلە 5 هەزار کەسی تریش برینداربوون لەو کاتەوەی کە ئیسرائیل چەند کاتژمێرێک پاس هێرشەکەی حەماس هێرشە ئاسمانییەکانی دەستپێکرد.

گرووپە مرۆییەکان نیگەرانی خۆیان لەمەڕ دۆخی خەڵکی سڤیل لە غەززە دەربڕی، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل بەڵێنی داوە ئەو ناوچەیەی کە دوو ملیۆن و 300 هەزار کەسی تێدایە لە ئاو و خۆراک و کارەبا ببڕێت.

بەڕێوەبەرایەتی کارەبای غەززە ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە پێشبینی دەکات لە کۆتایی ڕۆژەکەدا سووتەمەنی تاکە وێستگەی کارەبای خۆی تەواو بێت. پزیشکانی بێ سنوور ڕایانگەیاندووە، سووتەمەنی و پێداویستییە پزیشکییەکان کەم بوونەتەوە.

لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، کۆلۆنێڵ جۆنتن کۆنریکوس، وتەبێژی لەشکری ئیسرائیل بەرگری لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل کرد کە بیناکانی نیشتەجێبوونیان وێران کردووە و وتی ئەو شوێنانە ئامانجی ڕەوای سەربازین، چونکە حەماس بە مەبەست شوێنی ئۆپەراسیۆنەکانی لە باڵەخانە مەدەنییەکان دادەنێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەوە زیاتر لە 263 هەزار کەس لە کەرتی غەززە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و پێشبینیش دەکرێت ژمارەکە بەرزبێتەوە.

کۆنریکوس وتی 360 هەزار هێزی یەدەگی ئیسرائیل خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەنجامدانی ئەرکی دڵنیابوون لەوەی "حەماس لە کۆتایی ئەم شەڕەدا هیچ توانایەکی سەربازی نەمێنێت کە بەهۆیەوە بتوانێت هەڕەشە لە هاووڵاتیانی مەدەنی ئیسرائیل بکات یان بیانکوژێت."

وتەبێژێکی دیکە، دانیال هاگاری، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، تا ئێستا 169 سەربازی ئیسرائیلی کوژراون، هەروەها سوپای ئیسرائیل پەیوەندییان بە بنەماڵەی 60 سەربازەوە کردووە کە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە ڕفێندراون و براونەتە غەززە.

لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، گروپێکی بچووک لە هێزە تایبەتەکانی ئەمەریکا لەگەڵ سوپای ئیسرائیل کاردەکەن بۆ هاوکاریکردن لە پلاندانان و هەواڵگری لە ئۆپەراسیۆنی بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیل دژی حەماس.

ئۆستین وتی "هەروەها توانای بڵاوکردنەوەی سەرچاوەی دیکەمان هەیە بە خێرایی بۆ ناو ناوچەکە."

هەروەها ئەمەریکا گروپێکی کەشتی فڕۆکەهەلگری نارد بۆ ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، کە کۆنریکۆس ڕۆژی چوارشەممە وتی پەیامێکی خۆڕاگری هێناوە بۆ دڵنیابوون لەوەی ململانێ لەگەڵ حەماس تەشەنە نەکات بۆ شەڕێکی ناوچەیی.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە گەشت دەکات بۆ ئیسرائیل بۆ بردنی"پەیامی هاودەنگی و پشتیوانی".

ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند بلینکن دەیەوێت لە بەرپرسە ئیسرائیلییەکانەوە" دۆخی سەر زەوی ببیستێت بزانێت چۆن دەتوانین بەردەوام بین لە باشترین پشتیوانیکردنیان لە شەڕکردنیان دژی ئەو تیرۆریستانە کە ئەم هێرشە ترسناکانەیان دەستپێکردووە."

جگە لەو ئیسرائیلیانەی کە لە هێرشەکەی حەماسدا کوژراون، کوژراوەکان هاووڵاتیانی وڵاتانی دیکەشیان تێدایە. ئوسترالیا، بەرازیل و فلیپین لەنێو ئەو وڵاتانەدان کە ئەمڕۆ سێشەممە گیانلەدەستدانی هاووڵاتیانیان پشتڕاستکردەوە.

XS
SM
MD
LG