Accessibility links

وەزیری بەرگری ئیسرائیل: ئەوەی لە غەززە بوو چیتر بوونی نامێنێت


وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت "حەماس گۆڕانکاری دەویست و بەمزوانەش ئەو گۆڕانکارییە دەبینێت. ئەوەی لە غەززە بوو چیتر بوونی نامێنێت."

یۆئاڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە، 10ی ئەم مانگە ڕووبە سەربازانی وڵاتەکەی گوتی "ئێمە لە ئاسمانەوە دەستمان بە هێرشەکان کردووە، دواتر لە ڕێگەی وشکانییەوە دەچینە ژوورەوە."

گالانت گوتیشی سوپای ئیسرائیل لە ڕۆژی دووەمی هێرشەکانییەوە ناوچەکانی هاوسنووری لەگەڵ کەرتی غەززە کۆنترۆڵکردووە و گوتیشی ئۆپەراسیۆنەکان چڕتر دەبنەوە.

شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس پێی ناوەتە چوارەمین ڕۆژی خۆیەوە و بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکان ژمارەی کوژراوانی لایەنی ئیسرائیل کە زۆربەیان خەڵکی سڤیلن، بۆ زیاتر لە هەزار کەس زیادی کردووە.

وەزارەتی تەندروستی غەززەش هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو ناوچەیە لانیکەم 830 کەس کوژراون و چوار هەزار و 250 کەسیش بریندار بوون.

هەروەها نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە 180 هەزار دانیشتووی کەرتی غەززە بێ ماڵ و حاڵ بوون، یان ئاوارەبوون لەسەر شەقامەکان یان لە قوتابخانەکاندا دەژین.

سەرچاوە/ڕادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG