Accessibility links

بایدن: حەماس لە داعش خراپترە و تینووی خوێنە


سەرۆکی ئەمەریکا لە وتارێکی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنی ڕۆژی سێشەممە،10ئەم مانگە ڕایگەیاند لە هێرشە کتوپڕەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل 14 ئەمەریکایی کوژراون و ژمارەیەک هاووڵاتی ئەمەریکایش لە ئێستادا لە لایەن حەماسەوە بە بارمتە گیراون.

جۆو بایدن بە بێ ناوهێنانی هیچ وڵات و لایەنێک گوتی "نابێت هیچ وڵات و ڕێکخراوێک بیر لە خراپ بەکارهێنانی ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس بکاتەوە."

بایدن ئاماژەی بەوەشکرد کە پێشتر لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل قسەی کردووە و جەختی لە پاڵپشتی سەربازی بۆ ئیسرائیل و ناردنی تەقەمەنی و کەرەستەی پێویستی بۆ ئەو وڵاتە کردەوە و گوتی "گومانتان نەبێت ئەمەریکا لە پشت ئیسرائیلەوە وەستاوە. ئیسرائیلی دیموکرات بەرگری لە خۆی کردووە لە بەرامبەر دڕندەییەکانی حەماسدا."

بایدن بە ئاماژە بە توندوتیژییەکانی بزووتنەوەی حەماس لە دژی خەڵکی سڤیل، گوتی "حەماس تینووی خوێنە و لە داعش خراپترە و ئامانجی حەماس کوشتنی جووەکانە."

گوتیشی حەماس خەڵکی مەدەنی کوشتووە، لەنێویاندا ژن و منداڵ، تەنانەت سەدان کەسی کوشتووە کە بەشدارییان لە فێستیڤاڵێکی مۆسیقای ئاشتی لە نزیک غەززە لە باشووری ئیسرائیل کردووە.

سەرۆکی ئەمەریکا گوتی "گەلی ئیسرائیل ڕووبەڕووی ئەزموونێکی تاڵ و خراپ بوونەتەوە و حەماس هەموو پێوەرێکی ئەخلاقی پێشێل دەکات و دەڵێت بارمتەکانی لەسێدارە دەدات."

جۆ بایدن ئاماژەی بەوەشکرد ئەو ئازارانەی کە بەهۆی هێرشەکەی حەماسەوە هاتوونەتە ئاراوە، هەرگیز لەبیرناکرێن.

سەرۆکی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە هیچ پاساوێک بۆ تیرۆر نییە و گوتی حەماس بە هیچ شێوەیەک بەرگری لە مافی فەلەستینییەکان ناکات ، بەڵکو دەیەوێت ئیسرائیل لەناوببەن و خەڵکی مەدەنی فەلەستینی وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنن.

جۆو بایدن لە درێژەدا ئاماژەی بەوەدا کە دامەزراوە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی ڕێوشوێن دەگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەڕەشەیەکی ناوخۆیی کە ئەگەری هەیە ئاراستەی ئەمەریکا بکرێت دوای هێرشەکانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل.

پۆلیسی فیدراڵی ئەمریکا، FBI، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بە وردی چاودێری پێشهاتەکان دەکات.

XS
SM
MD
LG