Accessibility links

هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ نێوەندگریکردن لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسڕائیل ڕادەگرێت


پێدەچێت هێرشەکانی حەماس و ڕفاندنەکانی لە ئیسڕائیل ببێتە هۆی ئەوەی لانیکەم بۆ ماوەیەکی کاتی هەوڵەکانی ئەمەریکا بۆ نێوەندگریکردن لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسڕائیلدا ڕابگرێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەوڵە نێوەندگرییەکانی ئەمەریکا لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسڕائیلدا وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک بایدن لە ئێستادا سەرنجی لەسەر ئەوە نیە.

پڕۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە کوێدایە؟

بلینکن بە پڕۆگرامی Meet The Press ی کەناڵی ئێن بی سی وت "لە ئێستادا، سەرنجەکە لەسەر یارمەتیدانی ئیسڕائیلە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم هێرشەی حەماسدا. ئێمە سەرنجمان لەسەر ئەوەیە."

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کیربی بە هەمان شێوەی بلینکن قسەی کرد، بەڵام وتی " هێشتا زۆر زووە بڵێیت تەواو دەوەستین."

کیربی لە 9 ی مانگی نۆدا لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە وتی بەرەوپێشچوون هەبووە لە پڕۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسڕائیل و سعودیەدا.

کیربی لەو کاتەدا وتی " سەرجەم لایەنەکان پێم وایە چوارچێوەیەکی سەرەتاییان داڕشتووە بۆ ئەوەی بتوانن لەسەری بڕۆن. بەڵام لە هەر ڕێککەوتنێکی ئاڵۆزدا، کە ئەمە بەو شێوەیە دەبێت، هەمووان دەبێت شتێک بکەن. هەمووانیش دەبێت سازش لەسەر شتێک بکەن."

جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڤیدانت پاتێل وتی " زۆرێک لە بەشە سەرەکییەکانی ڕێگەیەک بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە ئێستادا لەسەر مێزی گفتوگۆن، تێگەیشتنێکی بەرفراوان هەیە لەو بەشانە. بێگومان بە ئاشکرا باس لە وردەکارییەکانی ئەو گفتوگۆ دیپلۆماتییانە دەکەین."

بەیاننامەکانی ئەمەریکا هاوکاتە لەگەڵ هەندێک لە نموونە دیارەکانی بەرەوپێشچوونەکە، بە تایبەتی میوانداریکردنی دوو وەزیری حکومەتی ئیسڕائیل لە ڕیازی سعودیە لە کۆتایی مانگی نۆ و سەرەتای مانگی 10 دا و بەشداریکردنییان لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا. ئەوانە یەکەمین سەردانی ئاست بەرزی بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئیسڕائیل بوون بۆ سعودیە.

ئێران چۆن وەڵامی بەرەوپێشچوونی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسڕائیل دەداتەوە ؟

بەرپرسە ئیسلامییەکانی ئێران کە بەردەوام داوای لە ناوچوونی ئیسڕائیل دەکەن، لە مێژە دژایەتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەب و موسوڵمان دەکەن لەگەڵ ئیسڕائیلدا.

لە ڕاپۆرتێکدا کە 3 ی مانگی 10 لەلایەن دەزگای ڕاگەیاندنی پرێس تی ڤی ئێرانەوە بڵاوکرایەوە، ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی لە کۆنفرانسێکی ئیسلامیدا لە تاران دەڵێت ئەو حکومەتانەی کە هەوڵ دەدەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیلدا ئاسایی بکەنەوە " هەڵە دەکەن و گرەو لەسەر ئەسپێکی دۆڕاو دەکەن."

ڕاوێژکاری باڵای خامنەئی، عەلی ئەکبەر ویلایەتی هۆشدارییەکی دەرکرد کە لەلایەن پرێس تی ڤییەوە بڵاوکرایەوە، دەڵێت " هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسڕائیل دەبێت وانەیەک بێت بۆ هەندێک لە حکومەتەکانی ناوچەکە، لەسەر ئەوەی چی ڕوودەدات بەسەر ئەوانەدا کە شوێن ڕێگای ئیسڕائیل دەکەون."

ویلایەتی و خامنەئی بە ناو ئاماژەیان بە سعودیە نەدا. تاران لە ماوەی ڕابردوودا لەم ساڵدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ سعودیەدا ئاسایی کردەوە، هەردوولا باڵیۆزخانەکانییان لە وڵاتانی یەکتر کردەوە.

ئەمەریکا هیوادارە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان چی شتێک بخاتەوە؟

بلینکن لە چاوپێککەوتنەکانی ڕۆژی یەکشەممەدا دانی بەوەدانا کە ئەمەریکا ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکی زۆر و پرسی سەخت بووەتەوە لە هەوڵەکانیدا بۆ نێوەندگریکردن لە نێوان سعودیە و ئیسڕائیلدا. بەڵام وردەکاری زیاتری نەدا.

بلینکن بە ئێن بی سی وت، ئەگەر سەرکەوتوو بێت ئەوا ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسڕائیل دوو سوودی سەرەکی دەبێت.

وتی، یەکەمییان " ئاڕاستەیەکی زۆر جیاواز دەبێت بۆ ناوچەکە و داهاتوو، ئاڕاستەیەکی زۆر سەقامگیرتر، یەکخستنێکی گەورەتری ئەو خەڵکانەی کە پێکەوە کاردەکەن بۆ باشکردنی ژیانییان."

بلینک وتی سوودەکەی دیکە بەرەوپێشچوون و پشتیوانیکردن دەبێت لە ئەگەری ئەوەی ئیسڕائیلییەکان و فەڵەستینییەکان ناکۆکییەکانی نێوانییان چارەسەر بکەن. وتی " گرنگە ئاساییکردنەوە جێگرەوە نەبێت بۆ ئەو چارەسەرە."

سعودیە بۆچی هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی دەدات لەگەڵ ئیسڕائیلدا؟

ڕیاز جەختی لەوە کردووەتەوە هەر ڕێککەوتنێکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا دەبێت چەند ڕێوشوێنێک بۆ باشکردنی ژیانی ئەو فەڵەستینییانەی کە لە غەزە و کەناری ڕۆژئاوا دەژین لە خۆبگرێت.

شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان لە 20 ی مانگی نۆدا بە فۆکس نیوزی وت " پرسی فەڵەستینییەکان بۆ ئێمە زۆر گرنگە."

وەکو ئاماژەیەک بۆ گفتوگۆکان، بن سەلمان وتی " هەموو ڕۆژێک نزیکتر دەبینەوە." هەروەها هیوای خواست " گفتوگۆکان بگەنە شوێنێک کە ببێتە هۆی ئاسانکردنی ژیانی فەڵەستینییەکان و ئیسڕائیلیش بکاتە یاریکەرێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا چی ڕوودەدات ئەگەر ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، لە کاتێکدا کە وڵاتانی ڕۆژئاوا لەوە دەترسن، سەرەڕای ڕەت کردنەوەی ئەو بابەتە لەلایەن ئێرانەوە، محەمەد بن سەلمان بە فۆکس نیوزی وت "دەبێت ئێمەش ببینە خاوەنی چەکی ئەتۆمی." بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا کە ئایا ئەو بابەتە بەشێکە لە گفتوگۆکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسڕائیلدا یاخود نا.

ئیسڕائیل چۆن سەیری هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دەکات؟

ڕۆژی یەکشەممە ئیسڕائیل ئاماژەی بەوەدا هیچ وەستانێکی ناوێت لە گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیەدا.

باڵیۆزی ئیسڕائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان گیلاد ئیردان بە ڕۆژنامەنووسانی وت "هیچ هۆکارێک نابینین بۆ ئەوەی بوەستین."

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو لە 22 ی مانگی نۆدا و لە ماوەی وتارەکەیدا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گەشبینی خۆی دەربڕی سەبارەت بە هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان. وتی وڵاتەکەی لەسەر لێواری ئاشتییەکدایە لەگەڵ سعودیە کە " ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی نوێ " دروست دەکات.

وتی " ئەو جۆرە ئاشتییە کۆتایی بە ململانێکانی عەرەب و ئیسڕائیل دەهێنێت. هانی وڵاتانی دیکەی عەرەبی دەدات پەیوەندییەکانییان لەگەڵ ئیسڕائیل ئاسایی بکەنەوە. ئەگەری ئاشتی لەگەڵ فەڵەستینییەکاندا زیاتر دەکات. هانی ئاشتەواییەکی بەرفراوانتر دەدات لە نێوان جوو و ئیسلامدا."

بەڵام دانیشی بەوەدانا کە " دەسەڵاتدارانی ئێران هەرشتێک لە توانایاندا بێت دەیکەن بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم ئاشتییە مێژووییە."

لە کاتێکدا ئاماژەی بەوەدا کە ئێران پشتیوانی لە گروپە چەکدارییەکانی وەکو حەماس دەکات، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد " نەفرەتی ئێرانی ئەتۆمی ڕابگرن و دوژمنکارییەکانی بوەستێنن."

ئیسڕائیل ئاماژەی بەوە نەداوە ئەو هەنگاوانە چین لە ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکاندا دەگیرێنەبەر بۆ باشکردنی گوزەرانی فەڵەستینییەکان. لە کاتێکدا کە ئێستا ئیسڕائیل سەنگی خستووەتە سەر شکستهێنان بە حەماس، هیچ کام لە حکومەتەکان و پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن باسییان لە هیچ جۆرە سازشێکی لەوشێوەیە نەکردووە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG