Accessibility links

پەنتاگۆن: هێزەکانی ئۆکرانیا لە ئەمەریکا لەسەر سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت مەشقییان پێدەدرێت


وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ' پەنتاگۆن ' دەڵێت ئەمەریکا لە بنکەیەکی سەربازی لە ویلایەتی ئۆکلاهۆما لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت مەشق بە هێزەکانی ئۆکرانیا دەدات.

لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا ئەمەریکا بەڵێنیدا سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتی پێشکەوتوو بدات بە ئۆکرانیا. ئەوەش بە مەبەستی یارمەتیدانی ئەو وڵاتە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە بەردەوامە ئاسمانییەکانی ڕووسیا، هەروەها بە سەرکەوتنێکی گرنگ دادەنرێت بۆ کیێڤ کە لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام داوای لە ئەمەریکا کردبوو ئەو سیستمەی بداتێ.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جەنەڕاڵ پات ڕایدەر بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هەفتەی داهاتوو لە بنکەی فۆرت سیل لە ئۆکلاهۆما مەشقی هێزەکانی ئۆکرانیا لەسەر سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت دەستپێدەکات."

ڕایدەر وتیشی " مەشقەکە کە پێشبینی دەکرێت چەند مانگێک بخایەنێت، نزیکەی 90 بۆ 100 سەربازی ئۆکرانی ئامادە دەکات بتوانن سیستمەکە بەکاربهێنن و سیستمە بەرگرییەکە بپارێزن."

وتیشی " هەر کە زانرا چۆن بەکاربهێندرێت، پاتریۆتەکە یارمەتیدەر دەبێت لە زیادکردنی تواناکانی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیادا و توانایەکی دیکە دەداتە ئۆکرانییەکان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان دژی هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی ڕووسیا."

جێی ئاماژەیە سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە پاراستنی ئۆکرانیا لە هێرشە ئاسمانییەکان و ڕێگریکردن لە هێزەکانی ڕووسیا لە زاڵبوون بەسەر ئاسمانی ئۆکرانیادا.

بەڵام کاتێک ڕووسیا ڕووبەڕووی زنجیرەیەک شکست بووەوە لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا، بە شێوەیەکی ڕێکخراو دەستیکرد بە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ژێرخانە هەستیارەکانی ئۆکرانیا و ژێرخانی کارەبا و ئاو و گەرمی ملیۆنان هاووڵاتی تێکدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG