Accessibility links

بەرپرسانی ئەمەریکا: ئەمەریکا نزیک بۆتەوە لە دابینکردنی سیستمی پاتریۆت بۆ ئۆکرانیا


سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت
سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت

سێ بەرپرسی ئەمەریکا بە ڕۆیتەرزییان وت پلانەکانی ئەمەریکا بۆ ناردنی سیستمی بەرگری موشەکی پاتریۆت بۆ ئۆکرانیا لە قۆناغی کۆتاییدان و ڕەنگە بەمزووانە لەم هەفتەیەدا ڕابگەیەندرێت.

ئۆکرانیا داوای لە ڕۆژئاوا کردووە سیستمی بەرگری ئاسمانی بدەنێ، بە سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتی دروستکراوی ئەمەریکیشەوە، ئەوەش لە پێناو بەرگریکردن دژی هێرشە موشەکییەکانی ڕووسیا بە هێرشەکانیشییەوە بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا.

سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی وەکو پاتریۆت کە کۆمپانیای ڕایثیۆن تەکنەلۆجی دروستی دەکات بۆ ئەوە دروستکراون بەرپەرچی موشەکەکان بدەنەوە.

پاتریۆت بە یەکێک لە پێشکەوتووترین سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی ئەمەریکا دادەنرێت و بە کەمی دەست دەکەوێت و هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لە سەرانسەری جیهان کێبڕکێی لەسەر دەکەن.

ئەفسەرێکی باڵای خانەنشینکراوی سوپای ئۆکرانیا ئالیکساندەر ڤیندمان کە ڕابەرایەتی سیاسەتی ئۆکرانیای کرد لە ماوەی بەڕێوبەرایەتییەکەی دانۆڵد ترامپدا لە کۆشکی سپی، وتی " ئەوە زۆر زۆر گرنگە."

وتی " ئەمانە زۆر بە توانا دەبن لە مامەڵەکردن لەگەڵ زۆرێک لەو ئاستەنگییە جیاوازانەدا کە لە بەردەم ئۆکرانییەکاندان، بە تایبەتی ئەگەر ڕووسیا موشەکی باڵیستیکی مەودا کورت لە ئێرانەوە وەربگرێت."

دووان لە بەرپرسە ئەمەریکییەکان کە نەیانویست ناوییان ئاشکرا بکەن وتیان ڕاگەیاندنەکە ڕەنگە بەمزووانە تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە ڕابگەیەندرێت، بەڵام چاوەڕێی پەسەندکردنی فەڕمییەتی لەلایەن وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن و سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنەوە.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕەتی کردەوە لێدوان لەسەر هەواڵەکان بدات سەبارەت بە پێدانی سیستمی پاتریۆت بە ئۆکرانیا.

یەکێک لە بەرپرسەکان وتی ئەگەری هەیە پێش ئەوەی سیستمەکە ڕەوانەی ئۆکرانیا بکرێت هێزەکانی ئۆکرانیا لە ئەڵمانیا مەشقییان پێبکرێت. ڤیندمان وتی مەشقەکە ڕەنگە چەند مانگێک بخایەنێت.

بەڵام هێشتا ڕوون نیە کە ئایا ئەمەریکا بەکارهێنانی سیستمی پاتریۆت لەلایەن ئۆکرانییەکانەوە سنووردار دەکات یاخود نا. پێشتر ئەمەریکا بەکارهێنانی سیستمی تۆپهاوێژی هیمارسی لەلایەن ئۆکرانیاوە سنووردار کردووە تەنها بۆ پێکانی ئامانجەکانی ناو ئۆکرانیا و نابێت بەکاربهێندرێت بۆ پێکانی ئامانجەکانی دەرەوەی ئۆکرانیا.


سەرۆکی پێشووی ڕووسیا دمیتری مێدڤیدیڤ هۆشداری داوەتە ناتۆ دژی پێدانی سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت بە ئۆکرانیا و ڕەنگە ڕووسیا ئەم هەنگاوە وەکو پەرەسەندنێکی جەنگەکە سەیر بکات.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت زیادبوونی هێرشە موشەکییەکانی ڕووسیا لەمدواییانەدا لە ئۆکرانیا مەبەست لێی کەمکردنەوەی تواناکانی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیایە تاوەکو بتوانێت کۆنتڕۆڵی ئاسمانی ئۆکرانیا بکات.

لەبەر ئەو هۆکارەشە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی سیستمی بەرگری ئاسمانی زیاتر دەدەن بە کیێڤ، لە سیستمەکانی سەردەمی سۆڤییەتەوە بۆ سیستمە پێشکەوتووترەکانی وەکو سیستمە ڕۆژئاواییەکان.

لەلای خۆیەوە ئەمەریکا سیستمی بەرگری ئاسمانی ناسامسی داوە بە ئۆکرانیا کە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا دەڵێت سەرکەوتووانە توانیویەتی بەرپەرچی موشەکەکانی ڕووسیا بداتەوە لە ئۆکرانیادا.

لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا تاوەکو ئێستا ئەمەریکا بڕی 19.3 ملیار دۆلاری لە یارمەتی سەربازیدا بۆ ئۆکرانیا خەرج کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG