Accessibility links

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا یارمەتییەکان بۆ ئۆکرانیا پەسەند دەکات


سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت
سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت

ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی یارمەتییەکی 45 ملیار دۆلاری بۆ ئۆکرانیا پەسەند کرد، لە کاتێکدا کە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی دوای سەردانەکەی بۆ واشنتن گەڕایەوە بۆ ئۆکرانیا و بەڵێنی پێدرا سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتی بدرێتێ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا.

ڕۆژێک لەمەوبەر یارمەتییەکە لەلایەن ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکاوە پەسەند کرا کە بەشێکە لەو 1.7 تریلیۆن دۆلارەی کە بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا تەرخانکرا و ئێستا ڕەوانەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەکرێت بۆ ئەوەی واژۆی بکات و ببێتە یاسا.

لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، ئەمەریکا لە ڕووی سەربازیی و ئابوورییەوە پشتیوانی لە ئۆکرانیا کردووە و ملیاران دۆلاری بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا خەرج کردووە، هاوکات ڕابەرایەتی سزاکانی ڕۆژئاواشی کردووە دژی ڕووسیا و ئێستاش کەمکردنەوەی نرخی نەوتی ڕووسیا.


ڕۆژی هەینی ڕووسیا وەکو وەڵامێک بۆ کەمکردنەوەی نرخی نەوتەکەی لەلایەن ڕۆژئاواوە، ڕایگەیاند هەناردەکردنی نەوت بۆ لە سەدا 7 کەم دەکاتەوە، ئەوەش لە ڕێی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتەکەیەوە بۆ ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانی لە کەمکردنەوەی نرخی نەوتی ڕووسیا دەکەن.

زێلێنسکی وتی " بە شتێکەوە لە واشنتنەوە گەڕاینەوە کە بەڕاستی یارمەتیدەر دەبێت."

ئەمەریکا بڕیاریداوە سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت بدات بە ئۆکرانیا، کە ماوەیەکی زۆرە زێلێنسکی داوای دەکات. بەرپرسانی ئەمەریکا دەڵێن ئەو تەنها سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەی پاتریۆت کە سەرۆک بایدن بە زێلێنسکی وتووە دەیداتێ، ئاڕاستەی جەنگەکە ناگۆڕێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG