Accessibility links

ئەمەریکا بە نیازە سیستمی پاتریۆت بدات بە ئۆکرانیا


ڕۆژی چوارشەممە ئەمەریکا ڕایگەیاند سیستمی پێشکەوتووی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت دەدات بە ئۆکرانیا تاوەکو یارمەتی بدات لە ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشە ئاسمانیە بێباکەکانی ڕووسیادا.

سیستمەکە بەشێکە لەو یارمەتییە سەربازییەی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا کە بەهاکەی دەگاتە 1.85 ملیار دۆلار و لە ماوەی سەردانەکەی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا دێت بۆ واشنتن.

ڕاگەیاندنەکە سەرکەوتنێکی گرنگ دەبێت بۆ ئۆکرانیا، کە چەند جارێک داوای لە واشنتن کردووە سیستمی پاتریۆتی بداتێ، هەروەها ئاماژەیەکی بەهێزیشە لەسەر پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا کە یارمەتیدەر دەبێت لە پتەوکردنی بەرگرییەکانی ئۆکرانیادا.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە بەیاننامەیەکدا وتی " یارمەتییەکەی ئەمڕۆ بۆ یەکەمین جار سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتی تێدا دەبێت، لە توانایدا دەبێت موشەکە کروزەکان و موشەکە باڵیستیکییە مەودا کورتەکان و فڕۆکەکانیش بخاتە خوارەوە، ئەوەش لە بەرزاییەکی زۆر زیاترەوە وەک لەو سیستمە بەرگرییە ئاسمانییانەی کە پێشتر دابینکراون."

سیستمی پاتریۆتی جۆری ئێم ئای ئێم – 104 کە لەلایەن کۆمپانیای ڕایثیۆنەوە دروست کراوە و سیستمێکی زەوی بۆ ئاسمانە، سەرەتا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو فڕۆکانە دروست کرا کە لە بەرزییەکی زۆرەوە دەفڕن.

لە ساڵەکانی هەشتاکاندا دەستکاریکرا تاوەکو لەگەڵ هەڕەشە نوێیەکانی موشەکە باڵیستیکییەکانیشدا بگونجێت، لە جەنگی کەنداودا دژی سیستمی موشەکی سکودسی عێراقی دروستکراوی ڕووسی خۆی سەلماند، کە یەکەمین جار بوو سیستمەکە لە شەڕدا بەکاربهێندرێت.

سیستمەکانی پاتریۆت کاریگەر بوون لە سعودیە دژی ئەو موشەکە باڵیستیکییانەی کە لە یەمەنەوە بە ئاڕاستەی سعودیە هەڵدەدران و دروستکراوی ئێران بوون، کۆمپانیای ڕایثیۆنیش دەڵێت لە ساڵی 2015 ەوە سیستمەکە بەرپەرچی زیاتر لە 150 موشەکی باڵیستیکی داوەتەوە.

کاتێک ڕووسیا دەستیکرد بە داگیرکارییەکەی لە ئۆکرانیا، بەرگرییە ئاسمانیەکانی کیێڤ پێکهاتبوون تەنها لە سیستمەکانی سام و سیستمەکانی سەردەمی سۆڤییەت، بەو سیستمانەش توانی ڕێگە نەدات مۆسکۆ لە ئاسمانی وڵاتەکەدا باڵا دەست بێت.

بەڵام لە سەرەتای جەنگەکەوە ئۆکرانیا کۆمەڵێک سیستمی بەرگری ئاسمانی ڕۆژئاوایی وەرگرتووە، ئەمەریکا سیستمی ناسامس و ئەڵمانیا سیستمی ئایریس - تی پێداوە، کە هەردووکییان سیستمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتوون. هاوکات سیستمە کۆنترەکانی دیکەی وەکو ئێس – 300 و هۆک و موشەکی ستینگەریشی دراوەتێ.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG