Accessibility links

بڕیارە ئەمەریکا و ڕووسیا لە مانگی داهاتوودا وتووێژی ئاسایشی ئەنجام بدەن


ئەمەریکا و ڕووسیا لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوو گفتوگۆ لەسەر کۆنترۆڵکردنی چەکی ناوکی و گرژییەکانی سەر سنووری ئۆکرانیا و ڕووسیا دەکەن.

گوتەبێژێکی ئەنجومەنی ئاسیشی نیشتمانی کۆشکی سپی بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وت هەردوولا لە 10ی مانگی یەک کۆدەبنەوە و پاشانیش لە 12 ی مانگی یەکدا وتووێژەکانی ڕووسیا و ناتۆ دەستپێدەکات. جگە لەو کۆبونەوانە ڕوسیا و ئەمەریکا و ئەندامانی تری ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری ئەوروپا کە ئۆکرانیاشی تێدایە، لە 13ی مانگی یەک بەشداری کۆبونەوەیەک دەکەن.

گوتەبێژەکە ڕایگەیاند " کاتێک ئێمە پێکەوە کۆدەبینەوە ڕووسیا دەتوانێت نیگەرانییەکانی خۆی بخاتە سەر مێزی دانوستان و ئێمە نیگەرانییەکانی خۆمان لەسەر چالاکییەکانی ڕووسیا دەخەینە ڕوو." ئەو گوتیشی " هەندێک بابەت هەیە کە دەتوانین پێشوەچوونیان تێدا بکەین و هەندێکیشیان بابەتی جێی مشتومڕن لەنێوانماندا. ئەمەش هەموی دیپلۆماسییە."

حکومەتەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا نیگەرانن لەمەڕ بڵاوبوونەوەی لەشکری ڕووسیا لەسەر سنووری لەگەڵ ئۆکرانیا، ئەوان ترسیان هەیە لەوەی ڕووسیا پلانی هەبێت داگیرکاری ئەنجام بدات. ڕێبەری ڕووسیا ڤلادمێر پوتن نکوڵی لە پلانێکی لەو جۆرە دەکات و داوای متمانەی کردووە لە دژی فراوانبوونی ناتۆ لە نزیک خاکەکەی.

دمیترۆ کۆلیبا، وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا لە تویتێکدا خواستی ئۆکرانیای بۆ بەشداریکردن و پشتیوانی کردن لەو وتووێژانە ڕاگەیاندووە. ئەو دەڵێت " ئێمە پشتیوانی لە بیرۆکەی وتووێژی ئەمەریکا، یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ دەکەین لەگەڵ ڕووسیادا تا ئەو ئەندازەیەی کە بابەتی وتووێژەکان کۆتاییهاتنبێت بە ناکۆکییە نێودەوڵەتیەکان، شەڕی ڕووسیا دژ بە ئۆکرانیا. ئاسایشی ئەوروپا-ئەتلانتیک لە ئۆکرانیا لە مەترسیدایە بۆیە پێویستە ئۆکرانیا بەشێک بێت لە تاوتوێکردنی ئاسایشی لەو بارەیەوە."

گوتەبێژەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمەریکا ڕایگەیاند بۆ ڕێزگرتن لە بەرژەوەندییەکانی خودی ئۆکرانیا، لە وتووێژەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیادا هیچ بڕیارێک لەسەر ئۆکرانیا نادرێت. ئەو گوتی" هەڵوێستی سەرۆک بایدن لەسەر ئۆکرانیا ڕوون و ئاشکرایە: ئێمە وەکو هاوپەیمانییەک یەکگرتووین لەسەر ئەو دەرەنجامانەی ڕووسیا ڕووبەڕووی دەبێتەوە ئەگەر هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا."

باڵیۆزی پێشووی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا جۆن هەربست بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەمەریکا و ڕۆژئاوا پێویستە هەر وتووێژێک لەگەڵ ڕووسیا بۆ ئاگادارکردنەوەی ڕووسیا لەمەڕ ڕەفتارە نابەجێکانی بەکاربهێنن و بۆ ئەوەی ڕووسیا وابەستەی بەڵێنەکانی بێت کە لە چەندین ڕێککەوتنی نێنەتەوەیی داویەتی.

هەربست گوتیشی " ئەگەر ئۆکرانیا، ئەمەریکا یان ئەڵمانیا و فەرەنسا لە وتووێژەکانی مینسک ئێستا لەبەردانواندن پێشکەش مۆسکۆ بکەن یان ئەگەر ڕۆژئاوا دانوستان لەگەڵ مۆسکۆدا دەربارەی ئۆکرانیا بەبێ ئۆکرانیا هەڵبژێرێت ئەواکرملن سەرکەوتنێکی تاکتیکی گرنگ بەدەست دەهێنێت. ئەمەش تەنها پوتن هاندەدات ڕەفتاری وروژێنەری تر ئەنجام بدات."

ڕۆژی سێشەممە وەزیری بەرگری ئەمەریکا لۆید ئۆستن فەرمانی دا کەشتی فڕۆکەهەڵگری USS Harry S. Truman لەجیاتی ئەوەی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕوات لە ناوچەی دەریای ناوەنددا بمێنێتەوە، ئەمەش لەنێوەندی نیگەرانیەکاندا سەبارەت بە زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا.

بەشێک لە زانیارییەکانی ئەم ڕاپۆرتە لە ئاژانسەکانی AFP و Reuters وەرگیراوە.

XS
SM
MD
LG