Accessibility links

بەرپرسێکی ئەمەریکا: بەرپرسانی ئەمەریکا و ڕوسیا لە مانگی یەکدا کۆدەبنەوە


وتەبێژێکی بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی بەرپرسانی ئەمەریکا و ڕوسیا لە 10 ی مانگی یەکدا بەشداری لە گفتوگۆکانی ئاسایشدا دەکەن, ئەمەش لەکاتێکدا گرژییەکانی نێوانیان بەهۆی ئۆکرانیاوە زیاتر بووە.

وتەبێژەکە وتی پێدەچێت بەرپرسانی ڕوسیا و هاوپەیمانێتی ناتۆش لە 12 ی مانگی یەکدا کۆببنەوە، لە 13 ی هەمان مانگیشدا کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانتر لەنێوان ڕوسیا و ئەمەریکا و کۆمەڵێک لە وڵاتانی ئەوروپی ئەنجام دەدرێت.

ڕوسیا کە بە زیادکردنی هێزەکانی لەنزیک سنووری ئۆکرانیا وڵاتانی ڕۆژئاوای توڕە و نیگەران کرد، هەفتەی ڕابردوو کۆمەڵێک داواکاری ئاسایشیی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد، تیایدا داوای لێکردن هاوپەیمانێتی ناتۆ بەڵێن بدات دەستبەرداری چالاکییە سەربازییەکانی بێت لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ئۆکرانیا.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی وتی " کاتێک دادەنیشین و گفتوگۆ دەکەین، ڕوسیا دەتوانێت باس لە نیگەرانیەکانی خۆی بکات، ئێمەش باس لە نیگەرانیەکانی خۆمان دەکەین سەبارەت بە چالاکیەکانی ڕوسیا." وتیشی هیچ بڕیارێک سەبارەت بە ئۆکرانیا دەرناکرێت بەبێ ئۆکرانیا خۆی.

وتی " هەمیشە هەندێک بابەت هەیە دەتوانین بەرەوپێشچوون بکەین تیایاندا، هەندێک بابەتیش هەیە هاوڕا نین لەسەرییان، دیبلۆماسی بەوشێوەیەیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG