Accessibility links

ڕوسیا کشانەوەی 10,000 سەرباز لە نزیک ئۆکرانیا ڕادەگەیەنێت


ڕوسیا ڕایگەیاند زیاتر لە 10,000 سەربازی وڵاتەکە مەشقە سەربازییەکانیان لە نزیک ئۆکرانیا تەواو کردووە کە ماوەی مانگێکی خایاند، ئەمەش لەنێوەندی گرژییەکانی نێوان ڕوسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوادا سەبارەت بە ئۆکرانیا.

وڵاتانی ڕۆژئاوا مۆسکۆیان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەوەی پلان بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا دادەڕێژێت.

وەزارەتی بەرگری ڕوسیا لە بەیاننامەیەکدا وتی مەشقی هێزە سەربازییەکانی باشوور لە هەرێمەکانی باشووری وڵاتەکە بەڕێوەچوون، لەو هەرێمانەش ڕۆستۆڤ و کراسنۆدار و کرێمیا، کە لە ساڵی 2014 دا ڕوسیا بەشێوەیەکی تاکلایەنانە گرتییە خۆی و بووە هۆی دروستبوونی گرژی لەنێوان ئەو وڵاتە و ڕۆژئاوادا.

وتیشی هێزەکان مەشقەکانیان تەواو کردووە و دەگەڕێنەوە بۆ بنکە سەربازییە هەمیشەییەکانی خۆیان، هەروەها ئەو هێزانەشی لە چاوەڕێدان ئامادەکراون بۆ پشووەکانی سەری ساڵ.

وڵاتانی ڕۆژئاوا دەڵێن ڕوسیا نزیکەی 100,000 سەربازی لەنزیک سنووری ئۆکرانیا جێگیرکردووە و بە تۆمەتی ئامادەکاریی بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا تۆمەتبارییان کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی ئۆکرانیا، لە ئێستادا ژمارەی سەربازانی ڕوسی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا لە 93,000 سەربازەوە لە مانگی 10 دا زیادیکردووە بۆ 104,000 سەرباز.

ڕوسیا دەڵێت ئازادە هێزەکانی خۆی لەسەر خاکی خۆی بۆ هەر شوێنێک بیەوێت بیانجوڵێنێت، ڕەتیشی دەکاتەوە پلانی هێرشکردنی هەبێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG