Accessibility links

تاس: مۆسکۆ تاوتوێی پێشنیارەکەی ناتۆ دەکات بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لە سەرەتای مانگی داهاتوودا


دەزگای هەواڵی تاسی ڕوسی لە زاری وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیاوە بڵاویکردەوە وڵاتەکە پێشنیارێکی هاوپەیمانێتی ناتۆی بەدەست گەیشتووە سەبارەت بە ئەنجامدانی گفتوگۆ لەسەرداواکارییە ئاسایشیەکانی ڕوسیا لە 12 ی مانگی یەکدا، وڵاتەکە تاوتوێی ئەو پێشنیارە دەکات.

ڕوسیا کە بە زیادکردنی هێزەکانی لەنزیک سنووری ئۆکرانیا وڵاتانی ڕۆژئاوای توڕە و نیگەران کرد، هەفتەی ڕابردوو کۆمەڵێک داواکاری ئاسایشیی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد، تیایدا داوای لێکردن هاوپەیمانێتی ناتۆ بەڵێن بدات دەستبەرداری چالاکییە سەربازییەکانی بێت لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ئۆکرانیا.

دەزگای هەواڵی تاس لە زاری وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیاوە بڵاویکردەوە " پێشنیارەکەی ناتۆمان بەدەست گەیشتووە، تاوتوێی دەکەین."

ئەمەریکا و ئۆکرانیا دەڵێن پێدەچێت ڕوسیا ئامادەکاری بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا بکات. ڕوسیا ئەوە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی ئۆکرانیا لەگەڵ هاوپەیمانێتی ناتۆدا هۆکار بووە بۆ زیادبوونی گرژییەکان.

ڕۆژی پێنجشەممە سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن وتی وڵاتەکەی دەیەوێت خۆی لە ململانێ بەدووربگرێت بەڵام پێویستیشی بە " وەڵامدانەوەیەکی بەپەلەیە " لە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیەوە بۆ داواکارییە ئاسایشیەکانی مۆسکۆ. مۆسکۆ دەڵێت پێشبینی ئەنجامدانی گفتوگۆ دەکات لەگەڵ ئەمەریکادا، لە سەرەتای مانگی یەک لە جنێڤ.

بەڕێوبەرایەتیەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ئاماژەی بەوەداوە هەندێک لە داواکارییەکانی ڕوسیا ئاشکرایە کە جێی پەسەندکردن نین، بەڵام بیرۆکەی دیکەی دەبێت لەسەر چۆنێتی گفتوگۆکان.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بەرنامەی Face The Nation ی کەناڵی سی بی ئێسدا، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامڵا هێرش وتی واشنتن ڕاستەوخۆ لە پەیوەندییدایە لەگەڵ مۆسکۆدا سەبارەت بە بابەتەکان، جەختیشی لە پابەندبوونی ئەمەریکا کرد بە سەروەری خاکی ئۆکرانیاوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG