Accessibility links

ئەمەریکا بڕی 350 ملیۆن دۆلاری دیکە یارمەتی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا پەسەند دەکات


وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن دەڵێت ئەمەریکا مۆڵەت دەدات بە خەرجکردنی 350 ملیۆن دۆلاری دیکە بۆ دابینکردنی یارمەتی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا، ئەمەش لە کاتێکدا کە کیێڤ خۆی پڕچەک دەکات بۆ هێرشە پێچەوانە پێشبینیکراوەکەی دژی هێزەکانی ڕووسیا.

بلینکن لە بەیاننامەیەکدا وتی " یارمەتییە سەربازییە نوێیەکە تەقەمەنی زیاتری سیستمی موشەکی هیمارسی ئەمەریکی و هاویتزەری تێدا دەبێت کە ئۆکرانیا بۆ بەرگریکردن لە خۆی بەکارییان دەهێنێت، هەروەها تەقەمەنی ئوتومبێلی شەڕکەری پیادەی برادلی و موشەکی هارم و چەکی دژە تانک و بەلەمی ڕووبار و کەلوپەلی دیکەی تێدا دەبێت.

تاوەکو ئێستا لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، ئەمەریکا بە بەهای زیاتر لە 30 ملیار دۆلار چەکی بۆ ئۆکرانیا دابین کردووە تاوەکو بەرگری لە خۆی بکات دژی ڕووسیا.

ڕاگەیاندنی یارمەتییە نوێیەکەی ئەمەریکا چەند ڕۆژێک دوای ئەوە دێت وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن و ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جەیک سۆلیڤان و سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمەریکا مارک مێڵی پەیوەندییەکی تەلەفونییان لەگەڵ هاوتا ئۆکرانییەکانیان ئەنجامدا و باسییان لە " پشتیوانییە جێگیرەکانیان " کرد بۆ ئۆکرانیا.

کۆشکی سپی وتی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیش بەشداری لە پەیوەندییە تەلەفونییەکەی ڕۆژی هەینیدا کردووە.

کیێڤ هەوڵ دەدات بڕێکی زۆر چەکی لە ڕۆژئاواوە دەست بکەوێت، ئەمەریکاش زۆرترین چەکی داوە بە ئۆکرانیا، مەبەست لەمەش ئەنجامدانی هێرشێکی پێچەوانەیە و هەوڵدانە بۆ گرتنەوەی ئەو ناوچانەی ئۆکرانیا کە ساڵی ڕابردوو لەلایەن ڕووسییەکانەوە داگیرکراون.

بلینکن وتی " ڕووسیا بە تەنها دەتوانێت ئەمڕۆ جەنگەکەی ڕابگرێت. هەتاوەکو ڕووسیا ئەو کارە دەکات، ئێمە تاوەکو پێویست بکات بە یەکگرتوویی لەگەڵ ئۆکرانیادا دەمێنینەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG