Accessibility links

شی: پێشنیارەکەی چین لەسەر ئۆکرانیا ڕەنگدانەوەی یەکگرتوویی بۆچوونی جیهانە


سەرۆکی چین شی جین پینگ

سەرۆکی چین شی جین پینگ دەڵێت پێشنیارەکەی چین سەبارەت بە چۆنێتی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ئۆکرانیا ڕەنگدانەوەی بۆچوونە جیهانییەکانە و هەوڵدانە بۆ بێلایەنیکردنی دەرەنجامەکە، بەڵام دانی بەوەدانا کە چارەسەرەکان ئاسان نین.

لە نوسراوێکدا کە لە سەرەتای سەردانەکەیدا بۆ مۆسکۆ بڵاوکرایەوە، شی داوای " ئاکامی کردەیی " کرد لەسەر ئۆکرانیا.

شی لە نوسراوەکەدا کە لە ڕۆژنامەی ڕووسیسکایا گازێتا بڵاوکراوەتەوە دەڵێت پێشنیارەکەی چین کە مانگی ڕابردوو ئاشکرا کرا، ڕەنگدانەوەی " یەکگرتوویی بۆچوونی کۆمەڵگەکانی جیهانە."

وتیشی " نوسراوەکە فاکتەرێکی بونیادنەرانە دەخاتە ڕوو بۆ بێلایەنیکردنی دەرەنجامەکانی قەیرانەکە و هاندان بۆ چارەسەرێکی سیاسیی. کێشە ئاڵۆزەکان چارەسەری سادەیان نیە."

شی هەوڵیداوە چین وەکو دروستکەرێکی ئاشتی جیهانی دەربخات و بە شێوەیەک خۆی دەربخات کە زلهێزێکی جیهانی بەرپرسە. چین بە ئاشکرا بێلایەن بووە لە جەنگەکەی ئۆکرانیادا، هاوکات ڕەخنەی لە سزاکانی ڕۆژئاوا گرتووە دژی ڕووسیا و جەختی لە پەیوەندییە نزیکەکانی کردۆتەوە لەگەڵ مۆسکۆدا.

لەمدواییانەدا ئەمەریکا و ناتۆ چینیان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی بیرکردنەوە لە پێدانی چەک بە ڕووسیا و هۆشدارییاندا دژی ئەو جوڵەیە. چین ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردۆتەوە.

شی وتی چارەسەرێکی ئاشتییانە لە ئۆکرانیا " واتا دڵنیابوونەوە لە سەقامگیری زنجیرەکانی بەرهەمهێنان و دابینکردنی پێویستییەکانی جیهان."

شی وتی سەردانەکەی بۆ ڕووسیا ئامانج لێی پتەوکردنی دۆستایەتییەکەی نێوان دوو وڵاتەکەیە، " هاوبەشییەکی سەرتاسەری و پەیوەندییەکی ستراتیژی " لە جیهانێکدا کە مەترسی " کردەوەی هەژموونی و ستەمکاری و گێچەڵی " لەسەرە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG