Accessibility links

دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان داوای دەستگیرکردنی پوتن دەکەن


دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان ڕۆژی هەینی فەرمانی دەستگیرکردنی ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا دەرکرد و تۆمەتباری کرد بە بەرپرسیارێتی تاوانەکانی جەنگ کە لە ئۆکرانیا ئەنجامدراون، بەڵام مۆسکۆ ڕایگەیاند ئەو هەنگاوە بێ مانایە.

ڕووسیا چەندین جار ئەو تۆمەتانەی ڕەتدەکاتەوە کە هێزەکانی لە میانی لەشکرکێشی یەک ساڵەی وڵاتەکەی بۆ سەر ئۆکرانیای دراوسێی وڵاتەکەی، تاوانی دڕندەیی ئەنجام داوە.

دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان فەرمانی دەستگیرکردنی پوتنی بە تۆمەتی دیپۆرتکردنەوەی نایاسایی منداڵان و گواستنەوەی نایاسایی خەڵک لە خاکی ئۆکرانیا بۆ فیدراسیۆنی ڕووسیا دەرکرد.

هەروەها دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ماریا لۆڤا بیلۆڤا، کۆمیساری مافەکانی منداڵانی ڕووسیا بە هەمان تۆمەت دەرکرد.

لە یەکەم کاردانەوەدا بەرامبەر بەو هەواڵە لە مۆسکۆوە، ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە تێلێگرامی خۆیدا ڕایگەیاند: بڕیارەکانی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان هیچ مانایەکیان بۆ وڵاتەکەمان نییە، بە ڕوانگەی یاساییشەوە.

"ڕووسیا لایەنێک نییە لە پەیماننامەی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان و هیچ پابەندبوونێکی بەپێی ئەو یاسایە نییە". بەڵام هیچ کاردانەوەیەکی دەستبەجێ لەلایەن کرێملینەوە نەبوو.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG