Accessibility links

پوتن لە مۆسکۆ پێشوازی لە سەرۆکی چین دەکات


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆکی چین شی جین پینگ، مۆسکۆ
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆکی چین شی جین پینگ، مۆسکۆ

ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بە گەرمی پێشوازی لە سەرۆکی چین شی جین پینگ کرد.

سەرۆکی چین شی جین پینگ بە سەردانێکی سێ ڕۆژەیی گەیشتە مۆسکۆ و دوو وڵاتەکە پێیان وایە سەردانەکە دەرفەتێکە بۆ قووڵکردنەوەی " دۆستایەتییە بێ سنوورەکەی " نێوانیان. چین وەکو سەرچاوەیەکی نەوت و گاز سەیری ڕووسیا دەکات، هەروەها وەکو هاوبەشێکی خۆی سەیری دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وەکو ئەوەی خۆیان دەڵێن " دوژمنکاری ئەمەریکا " و کۆنتڕۆڵکردنی کاروبارە جیهانییەکان و " سزا نا دادپەروەرەکانی دژییان بەهۆی تۆمارەکانییانەوە لە مافەکانی مرۆڤدا."

دوو وڵاتەکە کە هەردووکیان ئەندامی هەمیشەیین لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، مەشقی سەربازیی هاوبەشیشیان ئەنجامداوە. بەرپرسانی ئەمەریکا پێیان وایە چین بیر لەوە دەکاتەوە چەک بدات بە ڕووسیا تاوەکو دژی ئۆکرانیا بەکاریبهێنێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکیان نەبینیوە لەسەر ئەوەی چین چەکی دابێت بە ڕووسیا.

دوو سەرۆکەکە لە کۆبوونەوەکەدا بە یەکترییان دەوت " هاوڕێی ئازیز " و ستایشی یەکترییان دەکرد. پوتن پیرۆزبایی لە شی کرد لەسەر دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەکو سەرۆکی چین و هیوای خواست پەیوەندییەکی پتەوتر لە نێوانیاندا دروست بکەن.

پوتن وتی " چین لەم ساڵانەی دواییدا گەشەیەکی بەرچاوی گەورەی بەرەو پێشەوە کردووە." وتیشی " گەشەکەی لە سەرانسەری جیهاندا گرنگی پێدەدرێت و تەنانەت ئێمەش تۆزێک ئیرەیی پێدەبەین."

پوتن هاوکات پێشوازی لە پێشنیارەکەی چین کرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی لە ئۆکرانیا و ئاماژەی بەوەدا ڕووسیا کراوەیە بە ڕووی گفتوگۆدا.

پوتن وتی " تاوتوێی سەرجەم ئەو پرسانە دەکەین، بە دەستپێشخەرییەکەی تۆشەوە کە ڕێزێکی زۆری لێدەگرین. هاریکارییەکانمان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بێگومان یارمەتیدەر دەبێت لە پتەوکردنی بنچینە سەرەکییەکانی ڕێکیی جیهان و فرە جەمسەریدا."

شی وتی " هیوادارین هاوبەشییە ستراتیژییەکەی نێوان چین و ڕووسیا لەلایەکەوە داد و دادپەروەری نێودەوڵەتی بپارێزێت و لەلایەکی دیکەوە ببێتە هۆی بەرەوپێشەوەبردنی خۆشگوزەرانی و گەشەی هاوبەشی وڵاتەکانمان."

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی لە گفتوگۆکانی دواتردا لە ڕۆژی سێشەممەدا پوتن " بە وردەکارییەوە کارەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بۆ سەرۆکی چین ڕوون دەکاتەوە."

بۆ پوتن، بوونی شی پشتیوانییەکی پایەدار و دیبلۆماتییە بۆ ڕووسیا تاوەکو هاوبەشەییەکەی نێوانیان دەربخات بە ڕووی هەوڵەکانی ڕۆژئاوادا بۆ " پەراوێزخستنی ڕووسیا " لەسەر ئۆکرانیا.

پوتن لە نوسراوێکدا کە لە ڕۆژنامەی گەلی چیندا بڵاوکراوەتەوە، سەردانەکەی شی بە " بۆنەیەکی مێژوویی " ناودەبات کە " جەخت لە سروشتی تایبەتی هاوبەشییەکەی نێوان ڕووسیا و چین دەکاتەوە."

لەلایەکی دیکەوە چین سەردانەکەی شی بۆ ڕووسیا وەکو بەشێک لە ئاڵوگۆڕە ئاساییە دیبلۆماتییەکان سەیر دەکات و وردەکارییەکی کەمیداوە لەسەر مەبەستی سەردانەکەی، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وانگ وێنبین بە ڕۆژنامەنووسانی وت چین " ئامانجەکەی و و هەڵوێستی دادپەروەرانەی خۆی لەسەر قەیرانی ئۆکرانیا بەرز ڕادەگرێت، هەروەها ڕۆڵێکی بونیادنەرانە دەبینێت لە هانداندا بۆ گفتوگۆکانی ئاشتی."


هاوکات وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کیربی داوای لە شی کرد " ڕاستەوخۆ فشار بخاتە سەر سەرۆک پوتن تاوەکو ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا بگرێت." هەروەها وتی بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا پێی وایە شی دەتوانێت " ڕۆڵێکی بونیادنەرانە ببینێت " لە ڕێی ئەوەوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکیدا بکات.

کرێملن بە هەمان شێوە پێشوازی لە پلانی ئاشتی چین کردووە، هاوکات وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی دووشەممە وتی هەر پێشنیارێک کە هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بهێڵێتەوە تەنها ڕێگەدانە بە مۆسکۆ دووبارە خۆی ڕێکبخاتەوە و توانای خۆی دروست بکاتەوە بۆ ئەوەی هێرشێ نوێ ئەنجام بدات.

بلینکن وتی " داواکردن بۆ ئاگربەستێک کە کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا لە ناوچەکانی ئۆکرانیا لە خۆنەگرێت، چالاکانە پشتیوانی لە داواکانی ڕووسیا دەکات بۆ پەسەندکردنی داگیرکردنی ناوچەکانی ئۆکرانیا. جیهان نابێت بە هەر جووڵەیەکی تاکتیکی ڕووسیا هەڵبخەڵەتێت کە چین یاخود هەر وڵاتێکی دیکە پشتیوانی لێبکات، بۆ وەستاندنی جەنگەکە بەپێی مەرجەکانی خۆی."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG