Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان سێ ژن دەستنیشان دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە سەرکوتکارییەکەی ئێران دژی خۆپیشاندانەکان


نەتەوە یەکگرتووەکان سێ ژنی دەستنیشان کرد بۆ ڕابەرایەتیکردنی لێکۆڵینەوەکان لەسەر سەرکوتکارییە توندوتیژەکەی ئێران دژی خۆپیشاندانەکانی ناو ئەو وڵاتە کە ژنان ڕابەرایەتی دەکەن.

سەرۆکی ئەنجومەنی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان فێدریکۆ ڤیلیگاس ڕایگەیاند پارێزەری دادگای باڵای بەنگلادیش سارا حوسەین و پڕۆفیسۆر لە بواری یاسای پاکستان شاهین سەردار عەلی و چالاکەوانی مافەکان ڤیڤیانا کرستیچیڤیچی ئەرجەنتین ئەندامانی سەربەخۆی ئەرکی دۆزینەوەی ڕاستییەکان دەبن.

سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە وتی سارا حوسەین کە ماوەیەکی زۆرە چالاکەوانی مافەکانی مرۆڤە، سەرکردایەتی لێکۆڵینەوەکان دەکات.

پێناچێت ئێران ڕێگە بە هاتنی ئەو سێ چالاکەوانە بدات بۆ ناو وڵاتەکە و جێبەجێکردنی ئەرکەکەیان، لە کاتێکدا تاران بە توندی دژایەتی دروستکردنی لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی دەکات کە مانگی ڕابردوو 47 ئەندامەکەی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ دەنگیان لەسەریدا.

ئەو سێ ژنە " سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە تۆمار دەکەن."

خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی ئێران کە لە شۆڕشە ئیسلامییەکەی ساڵی 1979 ەوە وێنەی نەبووە، لە مانگی نۆوە سەرانسەری وڵاتەکەی گرتۆتەوە، ئەوەش دوای مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا.

لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە بەرپرسانی ئێران هەندێک لە خۆپیشاندەرانیان لە سێدارە داوە و سزای مەرگییان سەپاندووە بەسەر کۆمەڵێک کەسی دیکەدا، ئەوەش تەنها بەهۆی ئەوەی لە خۆپیشاندانەکاندا بەشدارییان کردووە و ئێران بە تێکدەر ناوییان دەبات.

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن پەلە لە ڕێکارە یاساییەکاندا کراوە و دانپێدانانەکانیش لە ژێر ئەشکەنجەداندا بوون.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە ناوەڕاستی مانگی نۆوە 14,000 کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا دەستگیرکراون، ڕێکخراوێکی مافەکانی مرۆڤی ئێرانیش کە بنکەکەی لە نەرویجە دەڵێت 469 خۆپیشاندەر کوژراون.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG