Accessibility links

ژمارەی ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا گیانیان لەدەستداوە لە 500 کەس تێدەپەڕێت


بە گوێرەی ئاژانسی دەنگوباسی هرانا لەوەتای خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی ئێران لە 17 ی مانگی 9 وە دەستیان پێکردووە بەلایەنی کەم 502 کەس کوژراون کە 69 کەس لەوانە تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمتربووە.

ئاژانسی هرانا کە پشت بە زانیارییەکانی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە ناوخۆی ئێران دەبەستێت، دەڵێت لەو ماوەیەدا 18 هەزار و 452 کەس بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە دەستگیرکراون. دەشڵێت تەنها ناسنامە و شوێنی دەستبەسەرکرنی 3 هەزار و 941 کەس لەوانە بۆ ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ئاشکرا بووە.

بە پێی ڕاپۆرتەکەی ئەو ئاژانسە لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرەرییەکاندا خەڵکی لە 171 شارو و شارۆچکەی ئێراندا داوای گۆڕینی دۆخی ئێستای وڵاتەکەیان کردووە. خوێندکارانی 144 زانکۆ لە سەرانسەری ئێران بەشدارییان لە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی وڵاتەکەیاندا کردووە. 652 خوێندکار دەستگیرکراون.

ئاژانسی هەواڵی هرانا دەشڵێت ڕۆژی یەکشەممە 18 ی مانگی 12 ، بە لانیکەم 3 سێ کۆڕ و کۆبونەوەی ناڕەزایەتی یەکێتییەکان لە ئێران بەڕێوە چووە. ئاگرکوژێنەوەکانی تەورێز و کرێکارانی کۆمپانیای چیمەنتۆی دێهلران لە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە چارەسەرنەکردنی داواکارییەکانیان خۆپیشاندانیان ئەنجام داو دەستیان بە مانگرتن کرد. ژمارەیەک لە سینەماکارانیش لە بەردەم زیندانی ئێوین بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دەستگیرکردنی تەرانە عەلیدوستی کۆبوونەوە.

ترانە عەلیدوستی تەمەن 38 ساڵان، ئەکتەری بەناوبانگی ئێران، دوای ئەوەی پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندانەکانی ئێران ڕۆژی یەکشەممە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەستگیرکرا.

ڕۆژی یەکشەممەش لە زیندانەکانی قائمشار و کەرەج پێکدادان ڕوویداوە. بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ، پێدەچێت ئەو شەڕە بە هۆی دژایەتیی زیندانییەکان بۆ لەسێدارەدانی هاوڕێ زیندانییەکانیان ڕوویدابێت.

لە هەمان کاتدا کۆمەڵێک خوێندکاری ئایینی ناسراو بە " کۆمەڵەی بانگخوازانی جیهاد و شۆڕشگێڕ " لە بەیاننامەیەکدا پشتیوانی خۆیان بۆ دەسەڵاتی دادوەری دەربڕی لەمەڕ دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ خۆپیشاندەران و دەڵێن " جێبەجێکردنی یاسا ئیسلامییەکان (حدودی ئیسلامی) بۆ ئاژاوەگێڕان، تاکە ڕێگایە بۆ گەڕانەوەی ئاسایش و ئارامی بۆ ناو کۆمەڵگە."

ئەم کۆمەڵە ئاینییەی سەر بە ڕژێم بەردەوامی خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکان دەگەڕێنێتەوە بۆ دەستێوەردانی "دوژمنانی ئێران" و خۆپیشاندەران بە فریودراو دەزانیت و جەختی لەوە کردەوە "ئەو کەسانەی کە ئاسایشی خەڵکی تێکدەدەن و کەشێکی نائارمیان دروستکردووە، بە پێی بنەما ئیسلامییەکان ئاژاوەگێڕن و سزاکەیان مەرگە."

لە لایەکی دیکەوە عەلی شەریفزادە، پارێزەری سەید محەمەد حوسێنی، "کە حوکمی لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە"، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی، خۆسپێرەکەی لە زیندانی کەرەج تووشی هەموو جۆرە ئەشکەنجەیەک بووتەوە، لەوانەش تەزووی کارەبا و دانپێدانانەکانی کە هیچ بەهایەکی یاساییان نییە . سەید محەمەد حوسێنی یەکێکە لەو 5 کەسەی کە لە ناڕەزایەتییەکانی چلەی حدیس نەجەفی لە کەرەج دەستگیرکرا و سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

لە لایەکی تریشەوە ماڵپەڕی "تاقیکردنەوەی خێرایی ئەنتەرنێت" ڕایگەیاند کە خێرایی ئینتەرنێتی مۆبایل لە ئێران دوو پلە دابەزیوە و گەیشتووەتە ڕیزبەندی 48 جیهان لە مانگی نۆڤەمبەری ئەمساڵدا.

ئاگرکوژێنەوەکانی تەورێز و کرێکارانی کۆمپانیای چیمەنتۆی دێهلران لە ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە چارەسەرنەکردنی داواکارییەکانیان دەستیان بە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی و مانگرتن کرد، ژمارەیەک لە سینەماکارانیش لە بەردەم زیندانی ئێڤین بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەستگیرکردنی تاران عەلیدووستی کۆبوونەوە.

سەرچاوە: ئاژانسی هرانا، بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG