Accessibility links

ئێران گەنجێکی دیکە لەسەر خۆپێشاندانەکان لەسێدارە دەدات


کۆماری ئیسلامی ئێران بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە گەنجێکی تری تەمەن 23 ساڵی لە شاری مەشهەد لەسێدارە دا. ئەمە دووهەمین کەسە لەسەر خۆپیشاندانە ناڕەزایەتیەکانی ئەو وڵاتە لەسێدارە بدرێت.

ئاژانسی هەواڵی میزان‌ی سەربە دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی دەڵێت مەجید ڕەزا ڕەهنەوەرد " بە بەرچاوی کۆمەڵێک لە هاووڵاتیانی مەشهەدەوە لەسێدارە دراوە."

ئاژانسی دەنگوباسی هرانا کە پشت بە زانیارییەکانی چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستێت هەواڵەکەی پشتراست کردووەتەوە و دەڵێت " بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 12ی مانگی 12، بە ئاشکرا لە شاری مەشهەد حوکمی لەسێدارەدانی مەجیدڕەزا ڕەهنەوەرد، یەکێک لە دەستگیرکراوەکانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئەم دواییە، جێبەجێکرا."

پێشتر گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ هۆشداریان دابوو لەسەر مەترسی جێبەجێکرنی سزای لەسێدارەدانی رەهنەوەرد.

پەیجێکی چالاکوانانی ئۆپزسیۆن لە تویتەر ( 1500tasvir_en) هەواڵی لەسێدارەدانەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و دەڵێت " ئەوان ڕێگەیان دا دایکی مەجید ڕەزا رەهنەوەرد سەردانی بکات و بە هیچ شێوەیەک باسی لەسێدارەدانیان نەکردبوو. ئەو بە دڵێکی پڕ هیوا لەوەی کوڕەکەی زوو ئازاد دەبێت لەوێ دەرچوو. بەڵام ئەم بەیانییە کاتێک پێیزانی کوڕەکەی لەسێدارەدراوە و هێزەکانی جموری ئیسلامی بە تانها بەخاکیان دەسپارد."

ڕەهنەوەرد ڕێک 23 ڕۆژ پاش دەستگیرکردنی سزای لەسێدارەدانەکەی جێبەجێ کرا. پێشتر هەر ئاژانسی هەوڵی میزان ڕایگەیاندبوو ئەو تاوانبارکراوە بە کوشتنی دوو ئەندامی بەسیج لەسەر شەقامێکی مەشهەد.

یەكێتی ئەوروپا و ئەمەریکا لە پاش لەسێدارەدانی موحسن شکاری تەمەن 23 ساڵان، کە یەکەم لەسێدارەدانی پەیوەست بە خۆپیشاندانەکانی ئێرانەوەبوو، ڕۆژی پێنجشەممە توڕەیی و ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی. شکاری بە تۆمەتی بریندارکردنی ئەندامێکی هێزەکانی ئاسایش لەسێدارە درا.

ئێران خۆپیشاندەران بە "ئاژاوەگێڕ" ناودێر دەکات و دەڵێت لەلایەن دوژمنە بیانییەکانەوە هاندەدرێن.

بەڕێوەبەری گروپی مافی مرۆڤی ئێران بنکە لە لە ئۆسلۆ، مەحمود ئەمیری موقەدەم، لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە " خامەنەئی و حکومەتەکەی کە پێشتر پیاو و ژن و منداڵی ناڕازییان لەسەر شەقامەکاندا دەکوشت، ئێستا ڕوویان لە کوشتنی زیندانیان کرووە. ئامانجیان ترساندنی خەڵک و کۆتاییهێنانە بە تەواوی ناڕەزایەتییەکان."

هەروەها دەشڵێت دەبێت " وەڵامی ئەم تاوانانە بدرێتەوە."

پاش کوژرانی ژینا ئەمینی، لە کاتێکدا بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسای حیجابی زۆرەملێ لەلایەن پۆلیسی ئاکار (گەشتی ئیرشاد)ەوە لە تاران دەستگیرکرابوو، ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە ئێران دەستپێکرد. ئەمەش گەورەترین ناڕەزایەتی سەرتاسەرییە لەوەتای شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی 1979 وە.

بە پێی دواین ئاماری ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانان لەوەتای ئەم خۆپیشاندانانە لە 17 ی مانگی 9 وە دەستیانپێکردووە بەلایەنی کەم 458 کەس کوژراون لە ناویاندا 63 منداڵ و 29 ژنیش و بە هەزاران کەسیش بریندار بوون.

بە پێی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی 9 وە هەتا ئێستا بەلایەنی کەم 14 هەزار کەسیش دەسگیرکراون.

XS
SM
MD
LG