Accessibility links

دەسەڵاتی دادوەری ئێران سزای زیندانی درێژخایان بەسەر 400 خۆپیشاندەردا دەسەپێنێت


دەسەڵاتی دادوەری ئێران ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند دادگاکانی تاران سزای زیندانی هەتا 10 ساڵیان سەپاندووە بەسەر 400 کەسدا بەهۆی ئەوەی پەیوەندییان هەبووە بە خۆپیشاندانەکانی کە پاش مەرگی ژینا ئەمینی سەرانسەری ئێرانی گرتەوە. شارەزایەکی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش دەڵێت ئەم هەنگاوانەی ئێران نیشانەی ترسی ڕژێمە لە خۆپشاندان.

ماڵپەڕی میزانی نزیک لە دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە زاری عەلی ئەلقاسی مهر، سەرۆکی دەزگای دادوەرییەوە دەڵێت " لە دانیشتنەکانی دۆسێی ئاژاوەگێڕەکاندا لە تاران، 160 کەس سزای زیندانی 5 بۆ 10 ساڵ دراون، 80 کەس 2 بۆ 5 ساڵ و 160 کەسیش هەتا دوو ساڵ."

ئێران خۆپیشاندەران بە " ئاژاوەگێڕ" ناودێر دەکات.

ئەم سزایانە لە کاتێکدایە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ئێران دوو کەسیشی لە پەیوەندی بە خۆپیشاندانەکانەوە لەسێدارە داوە. ئەم کەسانە سزای مەرگ درابوون بە تاوانی " موحارەبە" کە لە یاسای شەڕیعەت وەرگیراوە و بە " دوژمنی خودا" دادەنرێن.

عه‌بدوڵا حیجاب
عه‌بدوڵا حیجاب

عەبدوڵا حیجاب شارەزای سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێدوانێکیدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا گوتی " سزای لەسێدارەدان و زیندانی درێژخایان نیشانەی بەهێزی ڕژێم نییە، بەڵکو نیشانەی ترسی ڕژێمە لەوەی ئەو بزوتنەوەیەی پێ کۆنترۆڵ نەکرێت. بینیوشیمانە بە کوشتن و گرتن و سەرکوتکردن هیچ دیکتاتۆرێک ناتوانێت بەردەوام بێت لە شێوەی بەڕێوەبەری خۆی."

ئەم ڕەفتارانەی ئێران بەرامبەر بە خۆپێشاندەران نیگەرانییەکی زۆری لەلای گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست کردووە.

ڕێکخراوی لێخۆشبوونی جیهانی دەڵێت " ژمارەیەکی زیاتر لە ئێران لە مەترسی ئەوەدان دەستبەجێ لەسێدارە بدرێن. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت هەنگاو بنێت بۆ ڕاگرتنی لەسێدارەدانی زیاتر."

دەستەی دادوەری ئێران لە هەفتەی ڕابردوودا ڕایگەیاند هەتا ئێستا 11 کەس بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە سزای مەرگیان بەسەردا دراوە .

تەیمور ئەلیاسی نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان بنکە لە ژنێڤ لە هەفتەی ڕابردوو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " بە پێی زانیارییەکانی ئێمە هەتا ئێستا لەو 11 کەسە یەکێکیان، بەناوی سامان یاسین سەیدی، کوردە. لە هەمانکاتدا 2 تا شەش خۆپیشاندەری تری لە شاری شنۆ حوکمی موحارەبەیان بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام هەتا ئێستا حوکمەکە لە دادگا پشتڕاست نەکراوەتەوە."

بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان و سزای زیندانی درێژ خایان بەشێکە لە سەرکوتکارییەکانی ئێران دژ بە خۆپیشاندەران.

عەبدوڵا حیجاب پێی وایە خەڵک ترسی شکاوە چی تر ئێران ناتوانێت بەو شتانە خەڵک بترسێنێت " من پێم وابێت لەمەو بەدوا خەڵک زیاتر دڵنیا دەبێتەوە لەوەی کە دەبێت خەباتێکی جددیتر بکات بۆ ڕووخاندنی ئەو ڕژێمە."

نزیکەی سێ مانگە خۆپیشاندانی نارەزایی لە ئێران بەردەوامە پاش مەرگی ژینا ئەمینی کچە کوردێکی خەڵکی شاری سەقز، لە کاتێکدا بەهۆی گوایە ڕەچاونەکردنی یاساکانی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن پۆلیسی ئاکارەوە لە تاران دەستگیرکرابوو.

بە پێی دواین ئاماری ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانان لەوەتای ئەم خۆپیشاندانانە لە 17 ی مانگی 9 وە دەستیانپێکردووە بەلایەنی کەم 485 کەس کوژراون لە ناویاندا 68 منداڵیش.

بە پێی نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی 9 وە هەتا ئێستا بەلایەنی کەم 14 هەزار کەسیش دەسگیرکراون.

XS
SM
MD
LG