Accessibility links

ئەکتەرێکی بەناوبانگی ئێرانی دوای دەربڕینی پشتیوانی بۆ خۆپیشاندانەکان دەستگیردەکرێت


 تەرانە عەلیدۆستی لە ڤیستیڤاڵی کان، فەڕەنسا، 26 ی 5 ی 2022
تەرانە عەلیدۆستی لە ڤیستیڤاڵی کان، فەڕەنسا، 26 ی 5 ی 2022

دوای ئەوەی پشتیوانی خۆی بۆ خۆپیشاندانەکانی ئێران دەربڕی کە بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینیەوە سەریانهەڵدا و ماوەی سێ مانگە بەردەوامە، ئەکتەری دیاری ئێرانی تەرانە عەلیدۆستی تەمەن 38 ساڵ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەستگیرکرا.

دەزگای هەواڵی تەسنیم بڵاویکردەوە تەرانە عەلیدۆستی بەهۆی " بڵاوکردنەوەی بابەتی هەڵە و دەستکاریکراو و هاندانەوە بۆ پشێوی " دەستبەسەر کراوە.

عەلیدۆستی زیاتر بە ڕۆڵەکەی لە فیلمی The Salesman بە ناوبانگە کە لە ساڵی 2016 دا فیلمەکە خەڵاتی ئۆسکاری بە دەستهێنا.

یەکێک لە نوێترین پۆستەکانی عەلیدۆستی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە 8 ی مانگی دوانزەدایە، هەمان ئەو ڕۆژەی کە موحسین شیکاری تەمەن 23 ساڵ لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان لە سێدارەدرا.

عەلیدۆستی لە ئینستگرام لەگەڵ وێنەیەکدا نوسیویەتی " بێدەنگیتان مانای پشتیوانیتانە لە سەرکوتکاری و سەرکوتکار. هەموو ئەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییانەی کە ئەم خوێنڕشتنە دەبینن و هیچ ناکەن، شەرمەزاریین بۆ مرۆڤایەتی."

عەلیدۆستی لە تەمەنی هەرزەکارییەوە ئەکتەرێکی دیاری سینەمای ئێرانی بووە. لەمدواییانەدا بەشداری لە فیلمی " Leila’s Brother " دا کردبوو کە ئەم ساڵ لە فیستیڤاڵی فیلمی کاندا پەخشکرا.

خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی ئێران بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵەوە سەریهەڵدا کە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا گیانی لە دەستدا.

عەلیدۆستی لەسەر پۆستەکەی نوسیویەتی " بیرتان نەچێت ئافرەتانی ئێران بەچیدا تێدەپەڕن." هەروەها داواشی لە خەڵکەکە کرد " ناوی بڵێن، بڵاویبکەنەوە."

لە 9 ی مانگی یانزەدا عەلیدۆستی وێنەیەکی خۆی بەبێ سەرپۆش بڵاوکردەوە و کاغەزێکی بە دەستەوەیە لەسەری نوسراوە " ئافرەت، ژیان، ئازادی." دروشمە سەرەکییەکانی خۆپیشاندانەکان.

دوابەدوای لە سێدارەدانی شیکاری، ئێران بە بەرچاوی خەڵکەوە مەجیدڕەزا ڕەهناڤاردی تەمەن 23 ساڵی لە 12 ی مانگی دوانزەدا لە سێدارەدا، بە هەمان شێوە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکاندا.

نۆ کەسی دیکە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکاندا دەستگیرکراون و سزای مەرگییان بەسەردا سەپێندراوە.

ڕۆژی سێشەممە دەسەڵاتی دادوەری ئێران وتی لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە تاوەکو ئێستا هەزاران کەس دەستگیرکراون و 400 کەسییان سزای زیاتر لە 10 ساڵ زیندانییان بەسەردا سەپێندراوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG