Accessibility links

ئۆکرانیا و ڕووسیا دەڵێن سەدان سەربازی دوژمن لە شەڕی باخموتدا کوژراون


ئۆکرانیا و ڕووسیا دەڵێن لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا لە شەڕەکەدا بۆ باخموت سەدان سەرباز لە هەردوولا کوژراون.

وتەبێژی سەربازی ئۆکرانیا سێرهێی چیریڤاتی وتی لە باخموت 221 سەربازی سەر بە ڕووسیا کوژراون و زیاتر لە 300 سەربازی دیکەیان بریندار بوون. وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی نزیکەی 210 سەربازی ئۆکرانیا لە هێڵەکانی پێشەوەی هەرێمی دۆنێتسک کوژراون.

مۆسکۆ بە دیاریکراوی باسی لە قوربانییەکانی باخموت نەکرد کە دەکەوێتە هەرێمی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاوە و لە ئێستادا چۆڵ کراوە و بووەتە شوێنی یەکێک لە خوێناویترین شەڕەکانی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا.

هەردوولا دانیان بەوەداناوە کە زیانێکی گەورەیان لە باخموت بەرکەوتووە، بەڵام قورسە ژمارەی تەواوی قوربانییەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست بکرێتەوە.

ڕۆژی شەممە هەواڵگری سەربازی بەڕیتانیا وتی گروپی بەکرێگیراوی سەربازی باخموت زۆربەی ڕۆژهەڵاتی باخموتی کۆنتڕۆڵ کردووە.

وەزارەتی بەرگری بەڕیتانیا وتی " لە ناوەڕاستی شارەکەدا، ئێستا ڕووباری باخموتکا هێڵی پێشەوەی شەڕەکەیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG