Accessibility links

بەکرێگیراوانی واگنەر بانگەشەی گرتنی ڕۆژهەڵاتی باخموت دەکەن


بەرپرسی گروپی بەکرێگیراوانی واگنەر دەڵێت چەکدارەکانی سەرانسەری بەشی ڕۆژهەڵاتی باخموتیان کۆنتڕۆڵ کردووە، سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگیش وتی ڕەنگە لە چەند ڕۆژ داهاتوودا سەرانسەری شارەکە بکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی سوپای داگیرکەرەوە.

وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شویگۆ وتی گرتنی باخموت ڕێگە بە هێزەکانی ڕووسیا دەدات ئۆپەراسیۆنی هێرشکردنی زیاتر ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی زیاتر بچنە ناو ئۆکرانیاوە. کیێڤ بەڵێنیداوە بەردەوام بێت لە بەرگریکردن لە باخموت.

ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا وتی " سەرەڕای لە دەستدانە بەرچاوەکانیان، دوژمن بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر باخموت."

بەرپرسی واگنەر یەڤیگنی پریگۆژین وتی " سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری باخموتکا بە تەواوەتی لە ژێر کۆنتڕۆڵی واگنەردایە."

لەلایەکی دیکەوە سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ لە کۆبوونەوەیەکی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی یەکێتی ئەوروپادا وتی ڕووسیا هێزی زیاتر ڕەوانەی شەڕەکەی باخموت دەکات.

وتی " زیانێکی بەرچاوییان بەرکەوتووە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا ناتوانین ئەوە بە دوور بزانین کە ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا و لە کۆتاییدا باخموت بڕووخێت."

وتیشی ئەمە پێناچێت خاڵێکی گۆڕان بێت لە جەنگەکەدا، بەڵام دەریخست کە " نابێت ڕووسیا بە کەم بزانین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG