Accessibility links

بەرپرسێکی تورکیا: وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و سوریا و ڕووسیا بەمزووانە کۆدەبنەوە


وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ

بەرپرسێکی باڵای تورکیا دەڵێت تورکیا و سوریا و ڕووسیا دەیانەوێت لەم مانگەدا کاتێک دابنێن بۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتەکانیان، ئەگەری هەیە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەکە بکرێت، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی تاوەکو ئێستا هیچ کات و شوێنێک بۆ کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە.

ئەو جۆرە کۆبوونەوەیەش یەکەمین کۆبوونەوەی ئاست بەرزی نێوان سوریا و تورکیا دەبێت لە دوای دەستپێکردنی شەڕی سوریا لە ساڵی 2011 ەوە تاوەکو ئێستا.

تورکیای ئەندام لە ناتۆ لە ململانێکەی ناو سوریادا پشتیوانی لە ڕکابەرەکانی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد کردووە و هێزی سەربازیی ڕەوانەی باکووری سوریا کردووە. هاوکات ڕووسیا هاوپەیمانی سەرەکی ئەسەدە و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن داوای ئاشتبوونەوەی سوریای کردووە لەگەڵ تورکیادا.

بەرپرسەکە کە ڕێگەپێدراو نەبووە بە ئاشکرا قسە بکات، وتی کۆبوونەوەکە ڕەنگە پێش یاخود دوای کۆبوونەوەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوش ئۆغلۆ بێت لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکندا کە بڕیارە لە 18 ی مانگی یەکدا بەڕێوەبچێت.

وتی " گفتوگۆکان بەردەوامن و هێشتا ڕێکەوتێکی دیاریکراو دەستنیشان نەکراوە. هیچ کێشەیەک نیە لەبەردەم ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەدا، ئەوان تەنها لەسەر کاتەکەی کار دەکەن." وتیشی ڕەنگە لە مۆسکۆ یاخود لە شوێنێکی دیکە ئەنجام بدرێت.

مانگی ڕابردوو وەزیرانی بەرگری سوریا و تورکیا گفتوگۆیەکیان ئەنجامدا و تیایدا باسی ئاسایشی سنوور و کێشەکانی دیکەیان کرد. هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی ڕەنگە دوای کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەی وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتەکە لەگەڵ ئەسەددا کۆببێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG