Accessibility links

تورکیا پاش هەوڵەکانی بۆ  پەیوەندی لەگەڵ ئەسەد، میوانداری ئۆپزسیۆنی سوریا دەکات


تورکیا وەک نیشاندانی پشتیوانی ڕۆژی سێشەممە، میوانداری سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریای کرد، پاش ئەوەی بەهۆی هەنگاوەکانی تورکیا بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشقدا نیگەرانیان لەلا دروست بوو.

مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە تویتێکدا وێنەی دیدارەکەی لە ئەنقەرە لەگەڵ مەحمود ئەلمەسلەت سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی سوریای ئۆپۆزسیۆن و سەرکردەکانی دیکەدا بڵاوکردەوە.

ئەم کۆبوونەوەیە پاش کەمتر لە هەفتەیەکە لە کۆبونەوەی وەزیرانی بەرگری تورکیا و سوریا و ڕووسیا لە مۆسکۆ کە یەکەم کۆبوونەوەی لەو جۆرە بوو لەوەتای ساڵی 2011وە.

چاوشئۆغڵو بە ئاماژەدان بە داواکارییەکەی ساڵی 2015 ی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاگربەست و چارەسەری سیاسی گوتی "ئێمە بە پێی بڕیارنامەی 2254ی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی خۆمان بۆ ئۆپۆزسیۆن و گەلی سوریا دووپاتکردەوە."

ئانکەرە بوو بە دوژمنێکی سەرسەختی دیمەشق کاتێک کاتێک لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سوریا لە 12 ساڵ لەمەوبەرەوە دەستیکرد بە پشتگیری کردنی هەوڵەکانی سەرهەڵداوان بۆ ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەلئەسەد.

بەڵام سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە لە ساڵی 2017 ئەسەدی بە " تیرۆرست" ناودێرکرد، ئێستا کراوەیە بۆ بیرۆکەی کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی سوریادا.

ئەردۆغان پێشنیاری کردووە کە گفتوگۆکانی نێوان وەزیرانی بەرگری، کۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی بەدوادا بکرێت کە بتوانرێت ڕێگە خۆشبکات بۆ شیانی کۆبونەوی لوتکەی سەرۆکەکان.

چاوشئۆغڵو ڕایگەیاند چاوەڕوان دەکات لە کاتێکی دوو هەفتەی کۆتایی مانگی یەک دا لە مۆسکۆ لەگەڵ فەیسەڵ مقداد، هاشانە سوریاییەکەیدا کۆببێتەوە.

بەڵام ڕژێمەکەی ئەسەد وا دەردەکەوێت گەرموگوڕ نەبێت لەگەڵ ئەو هەوڵانەی ئەردۆغاندا.

هەندێک لە شیکەرەوان لەو بڕوایەدان ئەسەد ئامادە نابێت پێش هەڵبژاردنەکانی تورکیا، کە بڕیارە مانگی شەش ئەنجام بدرێت، لەگەڵ ئەدۆغاندا کۆببێتەوە.

هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ ئەسەد دوای بانگەوازەکانی پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بوو بۆ ئەوەی ئانکەرە هێزەکانی لە سوریا بکێشێتەوە و ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ دیمەشقدا ئەنجام بدات.

مشتومڕەکان لەسەر ڕێککەوتن لەگەڵ ڕژێمەکەی ئەسەد، سەرکردە و لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆنی سوریای تووشی شۆک کرد و کە زۆربەیان لە بەشێک لەو وڵاتە بەشەڕ وێرانبووەدا لە ژێر کۆنترۆڵی ناڕاستەوخۆی ئانکەرەدان.

کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری ڕووسیا، تورکیا و سوریا لە مۆسکۆ، بووە هۆی نیگەرانی لە واشنتۆنیش بەڵام لە مۆسکۆ پشتیوانییەکی بەهێزی لێکرا کە پشتیوانی سەربازی سەرەکی ئەسەدە.

سەرچاوە: فرانس پرێس


XS
SM
MD
LG