Accessibility links

تورکیا 15 کەس بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە دەستبەسەر دەکات


دەزگای هەواڵی فەڕمی تورکیا بڵاویکردەوە پۆلیسی وڵاتەکە 15 کەسییان بە تۆمەتی پەیوەندییانەوە بە ڕێکخراوی داعشەوە دەستبەسەر کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی کونسوڵخانەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە تورکیا بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک هاوڵاتیانی خۆیانیان لە تورکیا ئاگادار کردەوە لە ئەگەری ڕوودانی هێرشی تیرۆریستی لە تورکیادا.

دەزگای هەواڵی ئەنادۆڵو لە زاری بەیاننامەکەی پۆلیسی ئیستەنبوڵەوە بڵاوییکردەوە ئەو کۆمەڵە کەسەی دەستبەسەرکراون پلانی هێرشکردنیان هەبووە بۆ سەر کونسوڵخانەکانی سوید و هۆڵەندا لە ئیستەنبوڵ و کڵێسا و پەرستگاکانیش. بەڵام پۆلیس وتی دڵنیا نەبوونەتەوە لە هەبوونی " هەڕەشەی بەرجەستە " دژی ئەو شوێنانە.

ئەو زانیارییە هەواڵگرییەی کە بووە هۆی ئەوەی پۆلیس ئەو ئەرکە ئەنجام بدات دەڵێت کۆمەڵە دەستبەسەرکراوەکە ڕێنماییان لە ڕێکخراوی داعشی هەرێمی خۆراسانەوە وەرگرتووە، کە لقێکی سەر بە داعشە و لە باشوور و ناوەڕاستی ئاسیادا چالاکە.

سوید و هۆڵەندا ڕووبەڕووی ناڕەزاییەکان بوونەتەوە لە تورکیادا، ئەوەش دوای ئەوەی قورئانی پیرۆز لە ستۆکهۆڵم سوتێندراو و کارێکی دیکەی هاوشێوەش لە هاگی هۆڵەندا ئەنجام درا.

لەم هەفتەیەدا کۆمەڵێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ماوەیەکی کاتی کونسوڵخانەکانیان لە ئیستەنبوڵ داخست، ئەوەش بەهۆی هۆکاری ئاسایشەوە. بەرپرسانی حکومەتی تورکیا ئەو وڵاتانەیان تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی شکستیان هێناوە لە هاوبەشکردنی زانیارییەکاندا سەبارەت بە هەڕەشەکانی سەر ئاسایشیان کە بووە هۆی داخستنی کۆنسوڵخانەکان و " ئامانج لێیان زیان گەیاندن بووە بە تورکیا."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG