Accessibility links

ڕووسیا قەڵغانێک بەسەر کۆگایەکی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژادا دروست دەکات


بەرپرسانی سەر بە ڕووسیا دەڵێن قەڵغانێک بەسەر کۆگایەکی هەڵگرتنی پاشماوەی ئەتۆمی وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژادا دروست کراوە تاوەکو بیپارێزێت لە بۆردومانەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.

لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لەلایەن ڤلادیمیر ڕۆگۆڤەوە بڵاوکراوەتەوە، کە بەرپرسێکی هەرێمی زاپۆریژای باشووری ئۆکرانیایە و لەلایەن ڕووسیاوە لەو پۆستەدا داندراوە، دەردەکەوێت کرێکارەکان شاشەیەک دادەنێن کە پێدەچێت پەڕەیەکی شەفاف بێت بەسەر وایەرەکانی سەرووی سلیندەرەکانی کۆنکریتەکەدا کە بەرزییەکەی دەگاتە نزیکەی پێنج مەتر.

ڕۆگۆڤ وتی " بۆ ئێستا ئەوە کۆگاکە لە پارچە و ئەو بۆمبە دروستکراوانە دەپارێزێت کە فڕۆکە بێفڕۆکەکان هەڵیدەدەن. بەڵام دواتر گەورە دەکرێت."

شەڕ و پێکدادانەکان لە دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژا کە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبایە لە ئەوروپادا ترس و نیگەرانی دروست کردووە لەسەر ڕوودانی کارەساتێکی ئەتۆمی دیکەی هاوشێوەی کارەساتەکەی چێرنۆبیڵ.

ڕووسیا و ئۆکرانیا هەمیشە یەکترییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی بۆردومانکردنی کوێرانەی وێستگەکە.

ڕۆژی سێشەممە وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی ڕووسیا هێشتا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیدا، دەزگاکەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵ دەدات ناوچەیەکی پارێزراوی دابڕاو لە سەربازیی لە دەوروبەری وێستگەکەدا دابمەزرێنێت.

نوێنەری تایبەتی هەمیشەیی ڕووسیا بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە ڤییەنا میخایل ئولیانۆڤ بە دەزگای هەواڵی تاسی وت " ڕەنگە زۆر زوو بێت بڵێیت نزیک بووینەتەوە لە ڕێککەوتنێک، پێشبینی کاتی کۆتایی هاتنی پڕۆسەی گفتوگۆکانیش ناکەم."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG