Accessibility links

ڕووسیا یەکێک لە گەورەترین هێرشە موشەکییەکانی دەکاتە سەر ئۆکرانیا


کیێڤ
کیێڤ

بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن ڕۆژی هەینی ڕووسیا زیاتر لە 70 موشەکی ئاڕاستەی ئۆکرانیا کردووە، لە یەکێک لە گەورەترین هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیادا لە سەرەتای جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا، کارەبای دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیای بڕیوە و کیێڤی ناچار کرد باری نائاسایی پچڕانی کارەبا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا ڕابگەیەنێت.

بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن بەهۆی هێرشە موشەکییەکانی ڕووسیاوە سێ کەس کوژراون کاتێک بینایەکی نیشتەجێبوون لە کریڤی ڕی ناوەڕاستی کیێڤ لێیدراوە، کەسێکی دیکەش لە بۆردومانەکانی سەر خێرسۆنی باشووری وڵاتەکە کوژراوە. بەرپرسانی سەر بە ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی داگیرکراوی ئۆکرانیاش دەڵێن 12 کەس بەهۆی بۆردومانەکانی ئۆکرانیاوە کوژراون.

درەنگانێکی ڕۆژی پێنجشەممە کیێڤ هۆشداریدا لەسەر ئەوەی مۆسکۆ پلانی هەیە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە هێرشێکی گەورە و بەرفراوانی نوێ دژی ئۆکرانیا ئەنجام بدات.

لە سەرەتای مانگی 10 ەوە ڕووسیا هەفتانە هێرشی موشەکی کردۆتە سەر ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا، ئەوەش دوای چەند شکستێکی لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا، بەڵام هێرشەکەی ڕۆژی هەینی وادەردەکەوێت زیانێکی زۆر گەورەتری لە چاو هێرشەکانی دیکەدا دابێت، لە کاتێکدا ئێستا بەفر و سەهۆڵ بەندان ئۆکرانیای داپۆشیوە.

دوای چەند چاککردنەوەیەک، کۆمپانیای بەرپرس لە کارەبای ئۆکرانیا ئۆکرینیرگۆ باری نائاسایی لابرد کە دوابەدوای هێرشە موشەکییەکان ڕاگەیەندرا، گوتیشی هێرشەکان لە سەدا 50 ی بەکارهێنانی کارەبایان بڕیوە. بەڵام هۆشداریشیدا لەوەی ئەمجارە لە بۆردومانەکانی پێشتر کاتی زیاترییان دەوێت بۆ چاککردنەوەی کەلوپەلەکان و گەڕاندنەوەی کارەبا.

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا گوتی ڕووسیا فڕۆکە جەنگییەکانی ڕەوانەی نزیک ئۆکرانیا کردووە تاوەکو بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا سەرقاڵ بکات. سەرۆکی سوپای ئۆکرانیا وتی 60 بۆ 70 موشەکی ڕووسی خراونەتە خوارەوە، بەڵام وەزیری وزەی وڵاتەکە جێرمان گالوشینکۆ وتی لانیکەم دامەزراوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لێیان دراوە.

مۆسکۆ دەڵێت هێرشەکان ئامانج لێیان پەکخستنی سوپای ئۆکرانیا بووە. ئۆکرانییەکانش دەڵێن هێرشەکان تاوانی جەنگن.

هاوڵاتییەکی شاری کیێڤی پایتەخت لیدیا ڤاسیلیڤا لە کاتێکدا کە بەرەو پەناگەیەک دەڕۆیشت لە وێستگەی هێڵی ئاسنینی کیێڤ وتی " ئەوان دەیانەوێت لەناومان ببەن و بمانکەن بە کۆیلە. بەڵام خۆمان نادەین بە دەستەوە. بەرگە دەگرین."

شاری خارکیڤی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاش کە دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیایە، بە خراپی لێیدرا.

سەرۆکی شارەوانی خارکیڤ ئیهۆر تیریخۆڤ گوتی " زیانێکی زۆر گەورە بە ژێرخانی شارەکە گەیشتووە، بە تایبەتی سیستمی وزە. داواتان لێدەکەم ئارام بگرن لەگەڵ ئەوەدا کە ڕوودەدات. دەزانم لە ماڵەکانتاندا ڕووناکی تیا نیە، گەرمی تێدا نیە، ئاوی تێدا نیە."

لیودمیلا کۆڤیلکۆ کە لە ناوەندێکی دابەشکردنی بەپەلەی خۆراک خواردن دروست دەکات گوتی ژیان دەبێت بەردەوام بێت. " گوێمان لە دەنگی تەقینەوە بوو کارەبا بڕا. خەڵکەکە دەبێت نان بخۆن. ئێمە لەسەر زۆپای دار خواردن دروست دەکەین."

هێزەکانی ڕووسیا نزیکەی پێنج یەکی ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیایان داگیرکردووە، لە شەڕە سەختەکەدا لەو ناوچانەدا زۆرێک لە سەربازانی هەردوولا کوژراون یاخود بریندار بوون، بەڵام هیچ لایەکییان ژمارەی کوژراوان لە نێو سوپاکانیاندا بڵاوناکەنەوە.

بەرپرسانی سەر بە ڕووسیا دەڵێن بەهۆی نوێترین بۆردومانەکانی ئۆکرانیاوە لە دوو شوێن هاوڵاتیانی مەدەنی کوژراون.

دەزگای هەواڵی تاسی ڕووسی لە زاری خزمەتگوزارییەکانی فریاکەوتنی بەپەلەوە بڵاوی کردەوە لە گوندی لانتراتیڤکای نزیک سنووری ڕووسیا لە هەرێمی لوهانسکی داگیرکراوی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا یانزە کەس کوژراون و 20 کەسی دیکە بریندار بوون و 20 کەسی دیکەش بێسەروشوێن بوون.

فەرمانڕەوای هەرێمی لوهانسک کە ڕووسیا لەو پۆستەدا دایناوە، لیۆنید پاسیچنیک وتی هێرشەکەی ئۆکرانیا " دڕندانە " بووە.

وتەبێژی سوپای ئۆکرانیا میخایلۆ شامانۆڤ وتی ئۆکرانیا لە کۆی 40 موشەک کە ئاڕاستەی ناوچەی کیێڤ کراون 37 موشەکییان خستۆتە خوارەوە، گوتیشی هێرشەکەی ڕۆژی هەینی یەکێک بووە لە گەورەترین هێرشەکانی ڕووسیا.

وەزیری ئابووری ئۆکرانیا یولیا سڤیریدینکۆ گوتی " ئامانجی فیدراسیۆنی ڕووسیا ئەوەیە ئۆکرانییەکان هەمیشە لە ژێر فشاردا بن." بەڵێنیشیدا ئۆکرانیا بەرگە بگرێت.

دوابەدوای هێرشە موشەکییەکانی پێشتر، ئۆکرانیا توانیویەتی زۆربەی پچڕانی کارەبا و نەمانی ئاو چاک بکاتەوە، بەڵام دوای هەر هێرشێکی نوێ کارەکەیان قورستر دەبێت.

جێگری بەرپرسی ئۆفیسی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا کیریلۆ تیمۆشینکۆ لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕۆژی هەینی وتی ڕاگەیاندنی باری نائاسایی پچڕانی کارەبا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بۆ ئەوە بوو بتوانین کارەباکە چاک بکەینەوە.

پۆڵتاڤای ناوەڕاستی ئۆکرانیا و هەرێمەکانی سومی لە باکوور و ئۆدێسا لەسەر دەریای ڕەش بە هەمان شێوە کراونەتە ئامانج، هەروەها کارەبای هەندێک لە هێڵەکانی هێڵی ئاسنینی وڵاتەکەش کراونەتە ئامانج.

سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا دێنیس شمیهاڵ وتی کۆمپانیا بچووک و ناوەندەکانی ئۆکرانیا نزیکەی یەک ملیۆن بزوێنەری کارەبایان هاوردەی وڵاتەکە کردووە، بەڵام وڵاتەکە پێویستی بە هەزاران بزوێنەری گەورەتر و بەهێزتر هەیە تاوەکو بتوانرێت زستانییان پێ بەڕێ بکرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG