بەرپرسانی ماڵدۆڤا دەڵێن بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست و ڕووماڵکردنی جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بە شێوەیەکی ناڕاست و هەوڵدان بۆ " یاریکردن بە ڕای گشتی "، مۆڵەتی کارکردنی شەش کەناڵی تەلەفیزیۆنی لە ماڵدۆڤا هەڵوەشێندراونەتەوە.
بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کارکردنی کەناڵەکانی فێرست ئین ماڵدۆڤا و ئاڕ تی ئاڕ و ئەکسێنت تی ڤی و ئێن تیڤ ماڵدۆڤا و تی ڤی 6 و ئۆرهێی تی ڤی درەنگانێکی ڕۆژی هەینی لەلایەن کۆمسیۆنی باردودۆخە ناوازەکانی ماڵدۆڤاوە دەرکرا کە لە دوای داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا دامەزرێندراوە.
کۆمسیۆنەکە گوتی بڕیاری داخستنی کەناڵەکان دوای ئەوە بووە کە ئەنجومەنی بینراو و بیستراوی ماڵدۆڤا پێداچوونەوەیەکی کردووە و بۆی دەرکەوتووە کە " زانیاری نادروست لە ڕووماڵکردنی بۆنە نیشتیمانیەکان و جەنگەکەی ناو ئۆکرانیاش بڵاوکراونەتەوە ". دەشڵێت ئامانج لە داخستنی ئەو کەناڵانە " ڕێگریکردنە لە مەترسی زانیاری هەڵە.. یاخود مەترسی هەوڵەکان بۆ یاریکردن بە ڕای گشتی."
چوار لە شەش کەناڵە داخراوەکە ' فێرست ئین ماڵدۆڤا و ئاڕ تی ئاڕ و ئێن تی ڤی ماڵدۆڤا و تی ڤی 6 '، بەردەوام ئەو بەرنامانە پەخش دەکەنەوە کە لە کەناڵە ڕووسییەکاندا پەخشکراون، ڕۆژی هەینیش وەکو بەشێک لە سزا نوێیەکانی دژ بە ڕوووسیا لەلایەن ئەنجومەنی ئەوروپاوە قەدەغە کران.
ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپا گوتی ئەو کەناڵانەی ڕووسیا کە قەدەغە کراون " بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ لە ژێر فەرمانی سەرکردایەتی فیدراسیۆنی ڕووسیادان و لەلایەن سەرکردایەتی ڕووسیاوە بەکارهێندراون بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە و پڕوپاگەندەی جەنگەکە."
تی ڤی 6 گوتی داخستنەکان " بە تەواوەتی بێ بنەمان و هێرشێکی بێپێشینەن دژی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی نوسین و ئازادی ڕۆژنامەنووسان."
هەندێک لەو کەناڵانەی کە داخراون موڵکی ئەو کەسانەن کە نزیکن لە ئیلهان شۆرەوە، کە دەسەڵاتدارێکی دەوڵەمەندی لە یاسا دەرچووی ماڵدۆڤایە و ڕابەرایەتی حزبی شۆر دەکات کە دۆستی ڕووسیایە. حزبەکە لەم چەند مانگەی ڕابردوودا خۆپیشاندانی گەورەی لە چیسیناوی پایتەختی ماڵدۆڤا ڕێکخست، دژی حکومەتی ماڵدۆڤا کە پشتیوانی لە ڕۆژئاوا دەکات.
سەرۆکی ماڵدۆڤا مایا ساندو ستایشی داخستنی ئەو کەناڵانەی کرد و بە " هەنگاوێکی گرنگ بۆ ڕێگریکردن لە ناسەقامگیرکردنی " وڵاتەکە ناویبردن.
ساندو لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند " ناتوانین لەم ئاستەنگییەی ئێستادا ئەوە قبووڵ بکەین، ئاسایشی وڵاتەکە و ژیانی هێمنی دانیشتوان لەلایەن لە یاسا دەرچووانەوە خراونەتە مەترسییەوە کە تەنها یەک شتییان دەوێت - هەڵاتن لە دادپەوری."
شۆر تێوەگلاوە لە ساختەکارییەکی بانکدا کە بڕەکەی دەگاتە 1 ملیار دۆلار، هەروەها دەستی هەبووە لە پلانی نایاسایی دیکەشدا. هەفتەی ڕابردوو بەڕیتانیا شۆری خستە لیستی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە. لەمدواییانەشدا لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاوە بە تۆمەتی کارکردن بۆ بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا خرایە لیستی سزاکانی وەزارەتەکەوە.
سەرچاوە/ AP
ماڵدۆڤا 6 کەناڵی تەلەفیزیۆنی بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست دادەخات
