Accessibility links

شۆڵز دەڵێت یەکێتی ئەوروپا لە پاڵ ئۆکرانیادایە


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز دەڵێت یەکێتی ئەوروپا یەکگرتووە لە پشتیوانییەکانیدا بۆ ئۆکرانیا، وتیشی ئەوانەی هەوڵ دەدەن بەهاکانی یەکێتییەکە بخەنە مەترسییەوە لە ڕێی ڕێگریکردن لە سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتییەکە شکست دەهێنن، ئەوەش وەکو ئاماژەیەکی دیار بۆ هەنگاریا.

شۆڵز بە پەرلەمانتارانی وڵاتەکەی وت " هەرکەسێک پێی وابێت دەتوانێت بەهاکانی یەکێتی ئەوروپا بخاتە مەترسییەوە، کە سەرجەم ئەندامانی یەکێتییەکە پابەندی خۆیان ڕاگەیاندووە پێوەی، لە ڕێی ڕێگریکردن لە سیاسەتەکانی ئاسایش و دەرەوەی یەکێتییەکە، شکست دەهێنێت."

جێی ئاماژەیە یەکێتی ئەوروپا بەهۆی نیگەرانییەکانیەوە سەبارەت بە سەروەری یاسا لە هەنگاریادا یارمەتییە داراییەکانی بۆ ئەو وڵاتە سڕ کردبوو، هەنگاریا دژایەتی پێدانی قەرزی دەکرد لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە بۆ ئۆکرانیا. بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا هەنگاریا پاشەکشەی کرد لە دژایەتییەکەی و یەکێتی ئەوروپاش بەشێک لە یارمەتییە داراییە سڕکراوەکانی پێدا.

شۆڵز وتی پشتیوانییەکان بۆ ئۆکرانیا دەمێننەوە، بە سزاکانیشەوە دژی ڕووسیا، سزاکانی سەر ڕووسیا و پشتیوانییەکان بۆ ئۆکرانیا زیاتر دەبن هەتاوەکو ئەو کاتەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بەردەوام بێت لە جەنگەکەی دژی کیێڤ.

وتی " هیچ کەسێک هێندەی ئۆکرانییەکان بە دەست جەنگەکەی ڕووسیاوە نەیناڵاندووە، ئێمەش بە پتەوی لە پاڵ ئەواندا وەستاوین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG