Accessibility links

ڕووسیا و بێلاڕووس مەشقێکی سەربازیی هاوبەشی هێزی ئاسمانی دەستپێدەکەن


ڕووسیا و بێلاڕووس مەشقێکی هاوبەشی هێزی ئاسمانییان دەستپێکرد، ئەم مەشقەش تیشک دەخاتە سەر پەیوەندییە بەرگرییە نزیکەکەی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە نێوەندی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا.

وەزارەتی بەرگری بێلاڕووس وتی ڕووسیا فڕۆکەی جەنگی ڕەوانەی بێلاڕووس کردووە بۆ مەشقەکان، کە تاوەکو 1 ی مانگی دوو بەردەوام دەبێت. ئاماژەشی بەوەدا سەرجەم بنکە ئاسمانییەکان و گۆڕەپانەکانی تەقەکردن لە وڵاتەکەدا بەشدار دەبن لە مەشقەکەدا.

وەزارەتەکە وتی مەشقەکە بریتی دەبێت لە ئەرکی ئێشکگری ئاسمانی هاوبەش و پشتیوانیکردنی هێزەکانی پیادە و ئەرکەکانی فڕۆکەکان و ئەرکەکانی دیدەوانی ئاسمانی و گەشتەکانی گواستنەوە. بەڵام ئاماژەی نەدا بەوەی چەند فڕۆکە بەشدار دەبن لە مەشقەکەدا.

ساڵی ڕابردوو بێلاڕووس و ڕووسیا پلانێکیان ڕاگەیاند بۆ نوێکردنەوەی فڕۆکەکانی بێلاڕووس و توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمییان بدەنێ. لە مانگی دوانزەدا سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ وتی هێزەکانی بێلاڕووس لەگەڵ ڕووسیادا مەشق دەکەن لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی ئەو فڕۆکانە، کە پێویستییان بە نوێکردنەوە دەبێت بۆ ئەوەی بتوانن چەکی ئەتۆمی هەڵبگرن.

لە 24 ی مانگی دوودا هێزەکانی ڕووسیا لە باکوورەوە خاکی بێلاڕووسییان بەکارهێنا بۆ چوونە ناو خاکی ئۆکرانیاوە. ئۆکرانیا دەڵێت هێزەکانی لەسەر سنووری نێوان وڵاتەکە و بێلاڕووسدا هێشتۆتەوە، ئەوەش بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی ئەگەری هەر هێرشێک لە داهاتوودا.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا هەفتەی ڕابردوو وتی هیچ جموجۆڵێکی هێزەکانی ڕووسیایان لە بێلاڕووس نەبینیوە کە ئاماژە بووبێت بۆ نزیکبوونەوەی هێرشێک.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG