Accessibility links

پوتن بەڵێن دەدات موشەکی ئیسکاندەر – ئێم بدات بە بێلاڕووس


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن و سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ

سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆدا بەڵێنیدا لە ماوەی چەند مانگێکی کەمدا سیستمی موشەکی ئیسکاندەر – ئێم بدات بە بێلاڕووس.

کۆبوونەوەکە لە سەینت پیتەرسبێرگی ڕووسیا بەڕێوەچوو، لوکاشینکۆ بە پوتنی وت بێلاڕووس نیگەرانە سەبارەت بە سیاسەتە " دوژمنکار و پڕ لە ڕق و کینەکانی " پۆڵەندا و لیتوانیای دراوسێی.

هەروەها داوای لە پوتن کرد یارمەتی بێلاڕووس بدات " وەڵامێکی هاوسەنگی ئەو فڕۆکانەی هاوپەیمانێتی ناتۆ بداتەوە کە هەڵگری چەکی ناوەکین و لەنزیک سنوورەکانی بێلاڕووسەوە دەفڕن."

لوکاشینکۆ وتی " مینسک دەبێت ئامادە بێت بۆ هەموو شتێک، تەنانەت بۆ بەکارهێنانی چەکی مەترسیداریش بۆ بەرگریکردن لە خاکی باووباپیرانم لە برێستەوە بۆ ڤلادیڤۆستۆک." بەمەش لوکاشینکۆ بێلاڕووس و ڕووسیای هاوپەیمانی لەژێر یەک چەتردا دانا.

لوکاشینکۆ بەدیاریکراوی داوای لە پوتن کرد فڕۆکە سەربازییەکانی بێلاڕووس بەشێوەیەک لێبکات کە بتوانن چەکی ناوەکی هەڵبگرن.

پوتن وتی پێی وانیە وەڵامێکی هاوسەنگ لە ئێستادا پێویست بێت، بەڵام وتی ئەگەر پێویست بکات دەکرێت فڕۆکە جەنگییە سو – 25 ەکانی بێلاڕووس کە دروستکراوی ڕووسیان لە کارگەکانی ڕووسیادا نوێ بکرێنەوە.

بەڵام بەڵێنیدا سیستمی موشەکی ئیسکاندەر – ئێم بدات بە بێلاڕووس. موشەکەکە مەوداکەی دەگاتە 500 کم و توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ناوەکی هەیە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG