Accessibility links

بێلاڕووس مەشقی سەربازی لەگەڵ ڕووسیادا ئەنجام دەدات


دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسیا بڵاویکردەوە وەزارەتی بەرگری بێلاڕووس دەڵێت مەشقێکی سەربازیی بە بەکارهێنانی تەقەمەنی ڕاستی و موشەک هاوێژی دژە فڕۆکە لەگەڵ هێزەکانی ڕووسیادا ئەنجام دەدات، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو هێزە هاوبەشەی ڕووسیا و بێلاڕووسدا کە بۆ پاراستنی سنوورەکانی بێلاڕووس پێکهێندراوە.

ئینتەرفاکس لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری بێلاڕووسەوە بڵاویکردەوە " یەکە سەربازییەکانی ئەو هێزە هاوبەشەی پلان داندراوە ڕەوانەی چوار ناوچەی مەشقی سەربازیی کۆماری بێلاڕووس بکرێن لە ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی وڵاتەکەدا، دواتر چالاکی مەشقی سەربازیی شەڕکردن ئەنجام دەدەن."

هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی بەرگری بێلاڕووس گوتی هێزەکانی ڕووسیا ڕەوانەی وڵاتەکە دەکرێن بە مەبەستی پێکهێنانی " هێزێکی هاوبەش " بۆ " پاراستنی سنوورەکانی بێلاڕووس " و بانگەشەی ئەوەی کرد ئۆکرانیا ئامادەکاری دەکات بۆ هێرشکردنە سەر بێلاڕووس. بێلاڕووس هیچ بەڵگەیەکی نەخستۆتەڕوو لەسەر ئەوەی ئۆکرانیا پلانی لەوشێوەیەی هەبێت.

بێلاڕووس هاوپەیمانێکی نزیکی ڕووسیایە و لە ماوەی داگیرکارییەکەی مۆسکۆدا لە ئۆکرانیا لە ڕووی سیاسی و لۆجیستیکییەوە پشتیوانی لە ڕووسیا کردووە.

ماوەیەکی کورت پێش دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە 24 ی مانگی دوودا، هێزەکانی ڕووسیا گەیشتنە بێلاڕووس و مۆسکۆ وتی مەبەست لە ڕەوانەکردنی ئەو هێزانە ئەنجامدانی مەشقی سەربازی بووە، دواتر هێرشەکانیان بۆ سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا دەستپێکرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG