Accessibility links

بێلاڕووس دەڵێت سیستمی موشەکی ئیسکاندەری ڕووسی لە بێلاڕووس ئامادەیە بۆ بەکارهێنان


بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگری بێلاڕووس دەڵێت سیستمی تەکتیکی موشەکی ئیسکاندەر و سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس – 400 کە ڕووسیا لە بێلاڕووس جێگیری کردوون ئامادەن بۆ بەکارهێنانیان لەو ئەرکانەدا کە بۆیان دەستنیشان دەکرێت.

بەرپرسی بەشی سەرەکی بەڕێوبەرایەتی ئایدیۆلۆجی لە وەزارەتی بەرگری بێلاڕووس لیۆنید کاسینسکی وتی " سەرباز و تیمەکانمان مەشقەکانیان لە ناوەندە هاوبەشەکانی مەشقی هێزە چەکدارەکانی فیدراسیۆنی ڕووسیا و کۆماری بێلاڕووس بە تەواوەتی تەواو کردووە."

وتیشی " ئەم جۆرە چەکانە ' ئیسکاندەر و ئێس – 400 ' ئێستا لە ئەرکدان و بە تەواوەتی ئامادەن بۆ ئەنجامدانی ئەو کارانەی کە بۆیان دەستنیشان دەکرێت."

هێشتا ڕوون نیە ئایا ڕووسیا چەند سیستمی موشەکی ئیسکاندەر لە بێلاڕووس جێگیر کردوو، ئەو جۆرە سیستمە دەتوانێت بۆمبی ئەتۆمی هەڵبگرێت. ڕەوانەکردنیشیان بۆ بێلاڕووس دوای ئەوە دێت سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە مانگی شەشدا وتی مۆسکۆ ئەو سیستمانە و سیستمی بەرگری ئاسمانی دەدات بە مینسک.

هەواڵەکە لە نێوەندی فشارەکانی ڕووسیادا دێت بۆ سەر بێلاڕووس تاوەکو یارمەتی بدات لە داگیرکارییەکەیدا لە ئۆکرانیا.

هێزەکانی ڕووسیا لە مانگی دوودا خاکی بێلاڕووسییان بەکارهێنا بۆ ڕەوانەکردنی هەزاران سەربازی ڕووسی بۆ ناو خاکی ئۆکرانیا و هێرشکردنە سەر کیێڤی پایتەخت کە دواتر شکستیان هێنا تیایدا، هەروەها لەم چەند مانگەی ڕابردوودا چالاکییە سەربازییەکانی نێوان ڕووسیا و بێلاڕووس زیادییان کردووە.

سیستمی موشەکی ئیسکاندەر – ئێم کە دەتوانرێت بجوڵێندرێت و بگوازرێتەوە لەلایەن ناتۆوە بە " ئێس ئێس – 26 " ناسراوە و جێگرەوەی سیستمی موشەکی سکودی سەردەمی سۆڤییەتە. مەودای موشەکەکانی دەگاتە 500 کیلۆمەتر و دەتوانێت كڵاوەی ئەتۆمی هەڵبگرێت.

سیستمی بەرگری ئاسمانی ئێس – 400 سیستمێکی ڕووسی زەوی بۆ ئاسمانە و دەتوانێت بەرپەرچی فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و موشەکی کروز بداتەوە، هەروەها توانایەکی بەرگری موشەکی باڵیستیکیشیدا لە ناودایە.

کاسینسکی وتیشی فڕۆکە سەربازییەکانی وڵاتەکە دەستکاریی کراون و ئێستا دەتوانن " تەقەمەنی تایبەت هەڵبگرن."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG